لە کوردستان

زیاتر لە 21 هەزار پارچە زەوى بەسەر کەسوکارى شەهیدان و زیندانیانی سیاسی دابەش دەکرێت

وریا فەتاح

لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاردرا بە پێدانی پارچە زەویی نیشتەجێبوون بە هەزاران کەس لە کەسوکاری شەهیدان، قوربانیانی جینۆساید، و زیندانیانی سیاسی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان.

بەپێی راگەیەندراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێم، لەم بڕیارەدا 5,540 (پێنج هەزار و پێنجسەد و چل) کەس لە کەسوکاری شەهیدانی سەنگەر و جینۆسایدکراوان سوودمەند دەبن، لەگەڵ 15,499 (پازدە هەزار و چوارسەد و نەوەد و نۆ) زیندانیکراو و گیراوی سیاسی کە شایستەی وەرگرتنی زەوین.

پرۆسەی دابەشکردنی زەوییەکان سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، کە پێکهاتوون لە هەر چوار پارێزگاکە (هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە)، لەگەڵ هەر چوار ئیدارە سەربەخۆکە (سۆران، گەرمیان، ڕاپەڕین و زاخۆ).

فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم هەنگاوەی حکومەت لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی حوکمەکانی یاسای ماف و ئیمتیازاتی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان لە هەرێمی کوردستان ژمارە 9ی ساڵی 2007ی هەموارکراو، و یاسای ئیمتیازاتی زیندانیکراو و گیراوانی سیاسیی کوردستان ژمارە 11ی ساڵی 2011 دایە.