"سۆشیال میدیام بەکاردەهێنا"

جلی پزیشکی گەیاندی بە خەونەکەی و کۆڵی نەدا

964+

ئەحمەد محەمەد- سلێمانی

سەدریەی پزیشکی گەیاندی بە خەونەکەی و ئێستا شەشەمی سەر ئاستی هەرێمە و دەڵێت، حەزم ئەکرد پێم بڵێن دکتۆرە و لەگەڵ سەعیکردنیش مۆبایلەکەم لانەبردووە.

لافە رزگار، خوێندکاری لێهاتووی شاری سلێمانی، توانی پلەی شەشەم لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لە قۆناغی 12 بەدەستبهێنێت، کلیلی سەرکەوتنی دەگەڕێنێتەوە بۆ منداڵی، کاتێک داوای لە دایکی کردووە جلی سپی پزیشکی بۆ بکڕێت و ئەوەش هاندەر بووە بەردەوام بێت بۆ ئەوەی لە داهاتوو بگات بە خەونەکەی.

ئاماژە بەوەش دەکات، رۆژانە زیاتر لە 12 کاتژمێر خوێندوویەتی و دایکی پاڵپشت و هاندەری سەرەکی بووە لە دابینکردنی کەشێکی ئارامدا، دەشڵێت، کە بەدەستهێنانی ئەم نمرە بەرزە و چەشتنی ئەو هەموو ماندووبوونە، تەنها بۆ گەیشتن بووە بەو ئامانجەی کە ساڵانێکە خەونی پێوە دەبینێت.

پێداچوونەوە: پەری ساڵح