باوەڕ بە هەموو قسەیەک مەکە

بە دەفتەرێکە و بۆ هەموو مەجلیسێک نابێت؛ بازاڕی بەردە سروشتییەکان گەرمە

دیلان محەمەد – سلێمانى

بەکارهێنانی بەردی سروشتی بۆ دروستکردنی تەسبیح و دەستبەند بازاڕێکی گەرمی پەیدا کردووە، شارەزایەکی ئەم بوارەش دەڵێت، خەڵک هەیە هێندە هۆگریەتی، لە فرۆشیارەکان زیاتر زانیارییان لەسەر بەردەکان هەیە.

شاخەوان کامەران، شارەزای بەردی سروشتی بە 964ی وت، لە بازاڕی تەسبیحدا ئەو بەردانەی بۆ جوانکاری بەکاردێن زۆر جیاوازن و هەر یەکەیان ئیشێکی هەیە. ئەگەرچی پێشتر خەڵک زۆر گرنگی پێنەدەدا، بەڵام ئێستا بازاڕی تەسبیح و دەستبەند زۆر باشە و بەشێک لە خەڵک بۆ جوانی و بەشێکی دیکەش بۆ پێدانی “هێز و وزە” بەکاریان دەهێنن.

ئەو شارەزایە دەڵێت، هەندێک کەس باوەڕیان وایە کە بەردەکان وزەیان تێدایە، بۆیە بەردە سروشتییەکان پێویستیان بە پاککردنەوە و شەحنکردنەوە هەیە.

سەبارەت بە نرخەکانیان، شاخەوان کامەران ئاماژەی بەوە کرد کە هەندێک تەسبیحی بەردی سروشتی بە گرام دەفرۆشرێت. دەشڵێت: “گرانترین تەسبیح لێرە نرخی گەیشتووەتە دەفتەرێک (10 هەزار دۆلار)، تەنانەت لە قەتەریش تەسبیح بە 14 دەفتەر فرۆشراوە”.

سەرەڕای ئەم جۆرە گرانبەهایانە، ئەو شارەزایە هۆشداریش دەداتە کڕیاران کە باوەڕ بە هەموو قسەیەک نەکەن، چونکە هەندێک جار نرخی زیادە و خەیاڵی دەخرێتە سەر بەردەکان کە راست نین، بۆ نموونە گرانترین دەستبەندی بەرد نابێت نرخی لە 30 هەزار دینار تێپەڕ بکات.

هەرچەندە هەندێک جۆری ئەم بەردانە لە ناوخۆی کوردستاندا هەن، بەڵام بە وتەی شاخەوان کامەران، زۆربەی بەردە سروشتییەکان لە دەرەوەی کوردستانەوە هاوردە دەکرێن.

“باوەڕ بەو قسانە مەکەن کە گوایە بەرد دەسوڕێتەوە یان دادەگیرسێت، ئەوەی راستییە ئەوەیە کە بەردی سروشتی تا زیاتر بەکاربێت و بە دەستەوە بێت، رەنگەکەی جوانتر دەبێت”، شاخەوان واى وت.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح