"لۆدی سەر وێستگەکە کەم دەبێتەوە"

گۆڕەرێک بۆ وێستگەی کارەبای تاسڵوجە لە سلێمانی دادەنرێت

شۆڕش قادری

بە زیاتر لە دوو ملیار دینار و لە ماوەی ساڵێکدا، گۆڕەرێک بۆ وێستگەی کارەبای تاسڵوجە لە سلێمانی دادەنرێت و لۆدی سەر وێستگەکە کەم دەبێتەوە.

بەپێی راگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی، له‌سه‌ر بودجه‌ی داهاتی 8%ـی بەڕێوبەرایەتی دابەشكردنی كارەبای دوكان و بەتێچووی دوو ملیار و 243 ملیۆن دینار، پڕۆژەی دابینكردن و گۆڕینی گۆڕەر بۆ ویستگەی گۆڕینی كارەبای تاسڵوجە جێبەجێ دەکرێت.

ئەندازیار سامان سابیر بەڕێوەبەری گواستنەوەی كارەبای سلێمانی رایگەیاندووە، “ماوەی چەند ساڵێكە گۆڕەرێكی وێستگەكە سووتاوە و ئەوەش لۆدی له‌سەر گۆڕەرەكانی دیكەی وێستگەكه‌ دروستكردبوو، وەك پێویست نەدەتوانرا كارەبا لە وێستگەكەوە دابین بكەین”.

بەقسەی ئەو ئەندازیارە، بە دابینكردنی ئەو گۆڕەرە، كێشەی بارزۆری وێستگەكە چارەسەر دەبێت.

پرۆژەکە له‌لایه‌ن كۆمپانیای رازی نیشتمان جێبەجێ دەکرێت و قەرارە لە ماوەی 360 رۆژدا ئیشەکە تەواو بکرێت.