لەبازگەیەکی خورماتوو

​دەست بەسەر چوار ملیۆن دۆلاری ئەمریکیدا گیرا


سیروان خورشید – دوزخورماتوو

هێزە ئەمنیەکانی خورماتوو لە یەکێک لە بازگە سەرەکییەکانی دەستیان بەسەر بڕی چوار ملیۆن دۆلاری ئەمریکیدا گرت.

روداوەکە درەنگانی شەوی رابردوو بوو لەبازگەی باشووری ئەو قەزایە و پارەکەش لەناو ئۆتۆمبێلێکدا شاردرابووەوە.

عەمید بەدر خەڵەف، بەڕێوەبەری پۆلیسی گشتی خورماتوو بە964ـی وت، کاتژمێر 12:30 خولەکی شەوی ڕابردوو، هێزەکانمان بەهاوکاری هێزێکی دژەتیرۆری عێراق لەنێو بازگەیەکی سەر رێگای سەرەکی نێوان “کەرکوک – بەغدا” گومانیان لە ئۆتۆمبێلێکی جۆری نیسان کرد و دوای پشکنینی ئۆتۆمبێلەکە دەرکەوتووە کە شۆفێرەکەی هەوڵیداوە بڕی چوار ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بە قاچاخ لە بازگەکە تێیپەڕێنرێت.

وتیشی، دەستبەجێ دەست بەسەر پارەکە و ئۆتۆمبێلەکەدا گیراوە و شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەش دەستبەسەر کراوە و لە ئێستادا لەژێر لێکۆڵینەوەدایە، بەمەبەستی ئاشکراکردنی سەرچاوەی ئەو پارەیە و ئەو شوێنەشی کە مەبەست بووە پارەکەی بۆ بگوازرێتەوە.

پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن