"بە 3000 دەری ناهێنێ"
گرانی نرخی بەنزین کرێی تەکسیشی گران کردووە
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
لەگەڵ گرانبوونی نرخی هەر سێ جۆرەکەی بەنزین (نۆرماڵ، موحەسەن، سوپەر) کرێی تەکسی ناو شارەکانیش گران بووە و شۆفێرێکی تەکسیش لە سلێمانی دەڵێت، داخلی ناو شار بە 3000 دینار دەریناهێنێ.
964 چووەتە یەکێک لەو سێ بەنزینخانەیەی سلێمانی کە بەنزینی پاڵپشتیکراوی (750 دیناری) لێ دابەش دەکرێت و ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی زۆر دەبینرێت کە سەرەیان گرتووە بۆ وەرگرتنی ئەو بەنزینە، ئەمەش بەهۆی زیاتر گرانبوونی نرخی هەر سێ جۆرەکەی بەنزینەوەیە.
شۆفێرێکی تەکسی بە 964ـی وت، پێشتر نرخی کرێی تەکسی ناو شار 3000 دینار بوو، بەڵام ئێستا بەو نرخە دەریناهێنێ و بەهۆی گرانبوونی نرخی بەنزین، ئێمەش ناچارین کرێی زیاتر وەربگرین.
شۆفێرێکی دیکەی تەکسی باسی لەوەکرد، ئەم بەنزینە 750 دینارییە هاوکارە بۆ شۆفێران، بەڵام ئەگەر بەنزینخانەیەک بۆ تەکسی و پاسەکان جیا بکرێتەوە باشترە، چونکە ئەوان رۆژانە پێویستیان بە بڕێکی زیاتری بەنزینە.
ئێستا نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لەنێوان (1050 بۆ 1150) دینارە و بەنزینی موحەسەن لەنێوان (1250 بۆ 1450) دینارە بۆ لیترێک و بەنزینی سوپەریش نزیکی (1500 بۆ 1750) دینارە.
پێداچوونەوە: هەژان هادی