لە سلێمانی نەشتەرگەرییەکی دەگمەنی گیرانی دەنگ بە سەرکەوتوویی بۆ هاوڵاتییەک کرا – وێنە؛ تەندروستی سلێمانی
دکتۆرەکانی سلێمانی کارێکی ناوازەیان کرد
نەشتەرگەرییەکی دەگمەنی بۆ کرا و دوای پێنج ساڵ گوێی لە دەنگی ئاسایی خۆی بوو
شۆڕش قادری
لە سلێمانی نەشتەرگەرییەکی دەگمەنی گیرانی دەنگ بە سەرکەوتوویی بۆ هاوڵاتییەک کرا کە پێنج ساڵ بوو بەدەست نەخۆشییەکەیەوە دەیناڵاند.
بەپێی راگەیەنراوێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی، لە کارێکی پزیشکیی سەرکەوتوودا، تیمە پزیشکییەکانی سەنتەری قورگ و لووت و گوێ توانیویانە لە رێگەی نەشتەرگەرییەکی تایبەت و وردەوە بە ناوی (Type 1 thyroplasty)، کۆتایی بە ناڵاندنی پێنج ساڵەی نەخۆشێک بهێنن کە بەدەست شەلەلی دەنگەژێیەکانیەوە دەیناڵاند و توانای قسەکردن و دەنگی سروشتی خۆییان، بۆ گەڕاندووەتەوە.
چیرۆکی نەخۆشەکە؛
نەخۆشەکە تەمەنی 47 ساڵ بوو، پێنج ساڵ لەمەوبەر نەشتەرگەریی غودەی دەرەقی بۆ کرابوو، بەهۆی لێکەوتەکانی ئەو نەشتەرگەرییەوە تووشی شەلەلبوونی دەنگەژێی چەپی ببوو. ئەمەش ببوەهۆی ئەوەی کە دەنگی بە تەواوی گڕ ببێت، لە کاتی قسەکردنی زۆردا زوو هیلاک بێت و تووشی تەنگەنەفەسی ببێت. بەهۆی جێگیربوونی ئەم دۆخە مەترسیدارە، پزیشکان بڕیاریاندا پڕۆسەی چارەسەرکردنی بۆ دەستپێبکەن.
پڕۆسەی نەشتەرگەرییەکە؛
بە بەنجی خۆجێیی و بەبێ بێهۆشکاری گشتی لە رۆژی 22ـی مانگدا، لەناو سەنتەری قوڕقوڕاگە و لووت و گوێ، پڕۆسە پزیشکییەکە لەڕێگەی ملەوە و تەنها بە بەکارهێنانی سڕکردنی خۆجێی (بەنجی مەوزوعی) ئەنجامدرا. لەم تەکنیکە پزیشکییەدا، تیمەکە توانییان ئەو دەنگەژێیەی کە تووشی شەلەل بووە و کار ناکات، نزیک بکەنەوە لە دەنگەژێیە ساغەکەی تەنیشتی، تاوەکو توانای لەرینەوە و دروستکردنی دەنگی بۆ بگەڕێتەوە.
ئەم جۆرە نەشتەرگەرییە بە شێوەیەکی گشتی بۆ ئەو کەسانە ئەنجام دەدرێت کە بەهۆی وەرەم، نەشتەرگەری پێشوو، یان هەر حاڵەتێکی ترەوە تووشی لاوازی و شەلەلی لایەکی دەنگەژێیەکانیان دەبن.
سەرکەوتنی پڕۆسەکە و گەڕانەوەی دەنگی نەخۆشەکە؛
خۆشبەختانە نەشتەرگەرییەکە بە سەرکەوتوویی لەلایەن پزیشکانی پسپۆڕی قورگ و لوت و گوێ (د.هاوبیر عادل و د.شکار نەوزاد) بەهاوبەشی پزیشکانی بێهۆشکاری و کارمەندانی بەشی نەشتەرگەری ئەنجامدرا و راستەوخۆ دوای تەواوبوونی نەشتەرگەرییەکە، نیشانە ئەرێنییەکان دەرکەوتن؛ دەنگی گڕی نەخۆشەکە بە تەواوی گۆڕا و توانای قسەکردنی بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد، بەمەش توانرا بە سەرکەوتوویی دەنگ و ژیانی ئاسایی بۆ بگەڕێندرێتەوە.