24 کاتژمێر

بۆ نەهێشتنی سەرپێچییەکان؛ مەفرەزەی هاوبەش و ئاسایش لە شەقامی 100 مەتریی سلێمانی جێگیر کران

وریا فەتاح

بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی بڕیاریدا بە جێگیرکردنی مەفرەزەی ئەمنیی هاوبەش لە شەقامی 100 مەتریی شارەکە، بەمەبەستی رێگریکردن لە سەرپێچییەکانی هاتوچۆ و هەر جۆرە کارێکی نایاسایی.

بەپێی راگەیەندراوێکی هاتوچۆی سلێمانی، دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا چەندین سەرپێچی لەو شەقامەدا تۆمارکران، بڕیاردراوە لە کاتژمێر 8ـی بەیانی تا 7ـی ئێوارە، مەفرەزەی هاوبەش (هاتوچۆ، پۆلیس و بەرگریی فریاکەوتن) لەوێ جێگیر بکرێن و لێپرسینەوەی توند لە سەرپێچیکاران دەکەن.

هەر بەپێی راگەیەندراوەکە، بۆ پاراستنی سەلامەتیی هاوڵاتیان لە کاتەکانی شەودا، لە کاتژمێر 7ـی ئێوارە تا 8ـی بەیانیی رۆژی دواتر، ئەرکەکە دەدرێتە دەست 6 مەفرەزەی ئاسایشی سلێمانی بۆ بەدواداچوون و نەهێشتنی حاڵەتە نایاساییەکان.