" ئاژاوەگێڕی کۆتایی بێت"
سودانی و عەبادی پشتیوانی هەڵمەتەکەی “زەیدی” دەکەن و داواش دەکەن یاسا سەروەر بێت
فەرهاد حەسەن
هەریەک لە محەمەد شیاع سودانی و حەیدەر عەبادی بە جیا پشتیوانیی و پشتگیریان بۆ ئەو هەڵمەتە دووپاتکردەوە کە حکومەتی عەلی زەیدی لە دژی “گەندەڵکاران” گرتیووتییە بەر.
ئیئتلافی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، سەرۆکایەتی دەکات، پشتگیری خۆی بۆ هەنگاوەکانی حکومەت و دەسەڵاتی دادوەری لە دەستگیرکردنی ئەو بەرپرسانەی کە بە تۆمەتی گەندەڵی داواکراون، راگەیاند.
نووسینگەی راگەیاندنی ئیئتلافەکە لە بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەوان پاڵپشتی لەو رێکارانە دەکەن کە حکومەت و ئەنجومەنی باڵای دادوەری دژی تۆمەتباران دەیگرنە بەر، جەختیشیان کردووەتەوە کە “باوەڕی تەواویان بە پرەنسیپی سەروەری یاسا و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری هەیە”.
بەیاننامەکە دەڵێت، پێویستە دۆسییەکانی گەندەڵی بەپێی چوارچێوە دەستووری و یاساییەکان یەکلایی بکرێنەوە تاوەکو بنەمای لێپرسینەوە بچەسپێت و بابەتەکان لە بەرژەوەندییە سیاسییەکان دووربخرێنەوە.
ئیئتلافەکەی سودانی هۆشداری توندیشی داوە لە هەڵمەتی ناوزڕاندن و بڵاوکردنەوەی زانیاری هەڵە لەلایەن گەندەڵکارانەوە، کە ئامانجیان “تێکەڵکردنی کارتەکانە بۆ مەرامی سیاسی”، داواشی لە هاوڵاتیان کردووە تەنیا پشت بە زانیارییە وردەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان ببەستن تاوەکو رایگشتی چەواشە نەکرێت.
لەلایەکی دیکەش هەر ئەمڕۆ، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی پێشوو و سەرۆکی هاوپەیمانی نەسڕ، پشتیوانیی خۆی بۆ رێکارەکانی دژە گەندەڵی حکومەتی عێراق راگەیاند و لە تویتێکدا لەسەر پلاتفۆرمی X دەڵێت “بە توندی پشتگیری لە رێوشوێنەکانی دەسەڵاتدارانی دەوڵەت دەکەم لە بەدواداچوونی گەندەڵی و گەندەڵکاران، هەروەها داوای بەردەوامی و بەهێزکردنیان دەکەم، لە پێناو بەدیهێنانی راستی و دادپەروەری، و پاراستنی گەل و دەوڵەت”.
عەبادی داوای دوو شتی لە زەیدی کردووە، یەکەمیان بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی هەمەلایەنە و بەردەوامی بێت، نەک ملکەچی هاوسەنگی سیاسی یان بەرژەوەندی تەسک بێت، دووەمیش ئەو رێوشوێنانە بەشێک بن لە پڕۆژەیەکی چاکسازیی پێکهاتەیی بۆ سیستەمی سیاسی، کۆتاییهێنان بە ئاژاوەگێڕی و دامەزراندنی دەوڵەتی دامەزراوەکان و سەروەری یاسا.
ئەم هەڵوێستەی سودانی لە کاتێکدایە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ناوچەی سەوزی بەغدا و چەند ناوچەیەکی دیکە شایەتحاڵی جوڵەیەکی سەربازی چڕ بوون، کە بەپێی گرتە ڤیدیۆییەکان، هێزەکانی دەزگای دژەتێرۆر لە ناوچەکانی سەوز، مەدینە سەدر و ڕێگای فڕۆکەخانە بڵاوبوونەتەوە.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق ناوی 15 بەرپرسی وەک “وەجبەی یەکەم” بڵاوکردەوە کە لە کۆی 47 بەرپرس دەستگیرکراون، ئەوەش دوای دانپێدانانەکانی بریکاری وەزیری نەوت، لە لایەکی ترەوە.
ئاژانسی (رۆیتەرز)یش ئاماژەی بەوەکردووە کە هەندێک لە بەرپرسە داواکراوەکان پێش گەیشتنی هێزە ئەمنییەکان توانیویانە هەڵبێن، ئەمەش وایکردووە پڕۆسەی گەڕان و پشکنین لە دەروازەکانی بەغدا و فڕۆکەخانە توندتر بکرێتەوە.