"تەختە و پێڵاوەکەی دەستی شێوێندراوە"
پەیکەری کچە بۆیاخچیەکەی شەقامی مەولەوی تێکدراوە
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
پەیکەری کچە پێڵاو بۆیاخچییەکەی شەقامی مەولەوی شاری سلێمانی کە وەک هێمایەک بۆ رێزلێنان لە کچانی ئاوارە و نیشاندانی قورسییەکانی ژیان دروستکراوە، دیسانەوە لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە زیانی پێگەیەندراوە و شێوێندراوە.
پەیامنێری 964 لە بەدواداچوونێکی مەیدانیدا ئاماژە بەوە دەکات، کە ئەمە یەکەمجار نییە هێرش دەکرێتە سەر ئەم پەیکەرە هونەرییە، چەند ساڵێک لەمەوبەریش پەیکەرەکە بە تەواوی شکێنرا، کە دواتر ناچاربوون ناوەوەی بە کۆنکرێت پڕبکەنەوە تاوەکو پارێزراو بێت و دووبارە دایبنێنەوە.
بەڵام نزیکەی دوو مانگە، جارێکی دیکە شێوێندراوە و تەختەی بەردەم پەیکەرەکە کە وەک مێزی کارکردنی کچەکە دانراوە شکێنراوە، هاوکات ئەو پێڵاوەشی کە لە دەستیدایە دڕێندراوە و بنەکەی لێ کراوەتەوە.
ئەم پەیکەرە کە لەلایەن هونەرمەند (ئاسۆ جاف)ـەوە دروستکراوە، تەنها دیمەنێکی سەرشەقام نییە، بەڵکو چیرۆک و گوزارشتە لە ئازاری مرۆڤە پەنابەر و کەم دەرامەتەکان.
پێداچوونەوە: پەری ساڵح