چیرۆکی ژیانی عومەر چەرخچى؛
54 ساڵە بژێوى ژیانى لەسەر چەقۆى کولە
دیلان محەمەد – سلێمانى
دەست و پێیەکانى کول بوون و وەک جاران یارمەتى هەنگاوەکانى نادەن، بەڵام هێشتا بەردەوامە لە تیژکردنەوەى کولییەکان و بژێوى ژیانى لەسەر چەقۆ کولەکانە، ئەمە چیرۆکى عومەر چەرخچییە کە 54 ساڵە، کاروپیشەى چەقۆ تیژکردنەوەیە.
وەکخۆى دەڵێت، لە 1972وەوە کە ئەوکات هەڕەتى تین و تاقەتى بووە، دەستى کردووە بە چەقۆ تیژکردنەوە، ئێستاش کە پێیەکانى کزل بوون نەخۆشى دەوالى هەنگاوەکانى قورس کردووە، هەر بەردەوامە لەسەر پیشەکەیى و بژێوى ماڵ و میوانى لەسەر چەقۆ کولەکانە.
هەرچەندە رۆژانە مامە عومەرى دنیادیدە نزیکەى 10 هەزار دینارى لە چەقۆ کولەکان دەست دەکەوێت، بەڵام وەکخۆى دەڵێت،”هەر بەشى ئەوە دەکات بچمە لاى دکتۆر، چونکە خۆم و هاوسەرەکەشم نەخۆشى شەکرە و زەخت و دەوالى، تەنگى پێهەڵچنیوین”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح