رەخنەی لە چەند وڵاتێکی ناوچه‌كه هەیە
ئێران دەڵێت: ئازادین چۆن پاره بلۆككراوه‌كانمان به‌كارده‌هێنین
فەرهاد حەسەن
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران رایگه‌یاند، ئەوان ئازادن له وه‌رگرتن و به‌كارهێنانی ئه‌و سه‌روه‌ت و سامانه بلۆككراوانهی كه ئازاد ده‌كرێن و هیچ سنورێكیش بۆ ئه‌م پارانه داناندرێت.
بەپێی راگەیەندراوێکی ئەو وەزارەتە، تێگه‌یشتنه‌كانی ئێستا له‌سه‌ر بنه‌مای رێزگرتن و پابه‌ندبوون به واقیعه‌وه دامه‌زراون، هۆشداریش ده‌دات كه هه‌ر قسه‌یه‌كی خراپ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ڕه‌وتی ڕێككه‌وتنه‌كه ده‌بێت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌كراوه، هیچ دیدارێكیان له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ئه‌تۆمی له سویسرا ئه‌نجامنه‌داوه و هیچ پلانێكیش نییه بۆ پشكنینی ئه‌و دامه‌زراوه ئه‌تۆمییانه‌ی ئێران كه بۆردومان كراون.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه دەڵێت ولاتەکەی ناڕه‌زایی به‌رامبه‌ر هه‌ندێك وڵاتی ناوچه‌كه هه‌یه كه پشتیوانیان له بڕیارنامه‌ی ده‌سته‌ی پارێزگارانی ئاژانسی نێوده‌وڵه‌تی وزه‌ی ئه‌تۆمی دژ به ئێران كردووه، ئه‌وه‌شی خستووەته‌ڕوو “وڵاتانی ئه‌وروپی رۆڵی خۆیان سه‌باره‌ت به پرسی ئێران په‌راوێزخستووه و داوایان لێده‌كه‌ن ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت له كاروباری نێوده‌وڵه‌تیدا رۆڵیان هه‌بێت، هه‌ڵسوكه‌وت و ئه‌دای خۆیان بگۆڕن”.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران پشتڕاستی كرده‌وه، دوای كۆتاییهاتنی یه‌كه‌مین كۆبونه‌وه‌ی چوارقۆڵی له سویسرا، هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نی ئه‌مریكی نه‌بووه، به‌ڵكو په‌یامه‌كان له رێگه‌ی ناوه‌نده‌كانه‌وه ئاڵوگۆڕ كراون.