گۆشتی ئاژەڵی گەورە خواستی زۆرتری لەسەر بووە

لە پێنج رۆژدا 505 تۆن گۆشتی سوور لە سلێمانی فرۆشراوە

964+

ئاودێر عومەر – سلێمانی

لە ماوەی پێنج رۆژی رابردوودا 505 تۆن و 750 کیلۆ گۆشتی سوور رەوانەی بازاڕەکانی سلێمانی کراوە. ئامارەکە هی کوشتارگەی نوێی سلێمانییە.

بە پێی ئاماری کوشتارگەکە، 211 تۆن و 750 کیلۆ گۆشت ئاژەڵی بچووک بووە و 294 تۆنیش گۆشتی ئاژەڵی گەورە بووە.

هەر لەو ماوەیەدا، یەک تۆن و 550 کیلۆ گۆشتی نەشیاو لە رووی تەندروستییەوە لە کوشتارگەکە رەت کراوەتەوە.

شاڵاو عارف، بەڕێوەبەری هۆبەی کوشتارگەی نوێی سلێمانی بە 964ـی وت “تەنیا ئەمڕۆ کە کۆتا رۆژی کوشتارگە بووە بە بۆنەی پشووەکانی نەورۆزەوە نزیکەی 72 تۆن گۆشت خراوەتە بازاڕەوە”.

بە وتەی بەڕێوەبەری کوشتارگەکە، ئەمساڵ گۆشتی ئاژەڵی گەورە زیاتر خواستی لەسەر بووە، ئەوەش بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی ئاژەڵی بچووک.

پێداچوونەوە: پێشەوا محەمەد