وتەبێژی حکومەتی عێراق:
زەیدی بەر لەوەی بچێتە ئەمریکا کابینەی حکومەتەکەی تەواو دەکات
فەرهاد حەسەن
سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاریداوە، تاوەكو ناوەڕاستی مانگی داهاتوو کابینە وزارییەکەی تەواو دەکات بەر لەوەی سەردانی ئەمریکا بکات، وتەبێژی حکومەتیش جەخت لەوەدەکاتەوە کە قەیرانی دارایی ئێستا کاتییە و عێراق پەنا بۆ قەرزی دەرەکی نابات.
حەیدەر عەبودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو خۆی کاندید ناکات و دوپاتیشی کردەوە کە خاوەنی هیچ پڕۆژە یان ئەجێندایەکی سیاسی و حزبی نییە.
عەبودی ئاشکرایکرد کە لە نیوەی یەکەمی مانگی داهاتوودا و پێش سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی سەرۆک وەزیران بۆ واشنتن، کابینەی وزاری بە تەواوی پڕ دەکرێتەوە و تەواو دەکرێت.
باسی لەوەشکرد کە تەوەرەی سەرەکی سەردانەکەی واشنتن “هاوکاری ئابوری” دەبێت. دەربارەی دۆخی داراییش وتی، “ئەو تەنگژە داراییەی هەیە، کاتییە و حکومەت پەنا بۆ قەرزی دەرەکی نابات”.
بەپێی راگەیەندراوێكی پێشتری نوسینگەكەی سەرۆک وەزیران كە لە 6.6.2026 بڵاوكرایەوە، بڕیارە عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە ئاییندەیەکی نزیکدا بە سەردانێکی فەرمی بچێتە ئەمریکا و شاندێک لە بازرگانانی عێراق یاوەری دەکەن، ئامانج لە سەردانەکەشی فراوانکردنی دەرفەتەکانی وەبەرهێنانی هاوبەشە لە نێوان هەردوو وڵاتدا.
ئەم سەردانەی زەیدیش دوای ئەوە دێت کە لە رۆژی 30.4.2026 دۆناڵد ترەمپ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵیدا ئەنجامدا و بانگهێشتیشی کرد بۆ ئەوەی سەردانی واشنتن بکات، ئەوکات ترەمپ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ئاماژەی بەوەکردبوو، کە حکومەتەکەی عەلی زەیدی دەتوانێت ئاییندەیەکی گەشتر و باشتر بۆ عێراق دەستەبەر بکات.