لەدوای ئەڵمانیا دەچنە وڵاتی دیکەش
مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد لە ئەوروپان “باس لە دۆخی سوریا دەکەن”
فەرهاد حەسەن
چەند رۆژێکە مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر لە ئەوروپان بۆ باسکرادنی دۆخی سوریا دەکەن لەگەڵ کاربەدەستانی ئەڵمانیا دانیشتوون و بەنیازن سەردانی چەند وڵاتێکی دیکەش بکەن.
لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، ئیلهام ئەحمەد و مەزلوم عەبدی، لەگەڵ یۆهانس وادەفول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا کۆبوونەوە.
ئاژانسی هەواڵی هاوار بلاویکردەوە، کۆبوونەوەکەیان لەچوارچێوەی زنجیرەیەک کۆبوونەوەی چڕوپڕ دێت کە لە چەند رۆژی رابردوودا لە میونشن ئەنجامدراون و لەو ماوەیەدا لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسانی نێودەوڵەتی و نوێنەری وڵاتانی بەشدار لە کۆنفرانسەکەدا کۆبوونەتەوە.
لە کۆبەەنەوەکان، تیشک خراوەتەسەر دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سوریا، ئایندەی پڕۆسەی سیاسی، گرنگی پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی لە ناوچەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بەدەستهاتوون، هەروەها تاوتوێکردنی هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پتەوکردنی سەقامگیری ناوچەکە.
هەموولایەک جەختیان لە گرنگی چارەسەری سیاسی بۆ قەیرانی سوریا و پاراستنی یەکڕیزی خاکی سوریا و زامنکردنی مافی هەموو پێکهاتەکان لە چوارچێوەیەکی دیموکراسیدا کە ئاسایش و سەقامگیری بەدەستبهێنێت، لە هەمان کاتدا جەخت لەسەر پێگەی تایبەتی گەلی کورد لە ناوچەکانی خۆیان کرایەوە.
بڕیاریشە لەدوای ئەڵمانیا هەریەک لە مەزڵوم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد سەردانی وڵاتانی وەک دانیمارک و نەرویج و بەرپرسانی دیکەی باڵای ئەوڕوپی ببینن.