بێ بەنزینی فڕۆکەکانی کشتوکاڵیشی گرتەوە

964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

جوتیاران لە هەرێمی کوردستان دەستیان بە رشتنی دەرمان بۆ ناو زەوییە کشتوکاڵییەکان کرد و فڕۆکەخانەی عەربەت کە ساڵانە لە رێگەی فڕۆکەوە دەرمانی لە ئاسمانەوە بەناو زەوییە کشتوکاڵییەکان دەڕشت، ئێستا بێ بەنزین و کارمەندە.

بۆ هەر دۆنمێک زەوی کشتوکاڵی (دانەوێڵە) دوو لیتر دەرمانی (ULV) پێویستە، کە رێگرە لە دروستبوونی مێرووی زیانبەخش، پێشتر ئەم دەرمانە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لە رێگەی فرۆکەخانەی عەربەتەوە بەناو زەوییە کشتوکاڵیەکاندا دەیڕشت، ئێستا جوتیاران خۆیان ئەو کارە دەکەن.

تۆفیق عەزیز جوتیارە لە گوندی بێستانسوور لە سنووری سلێمانی، ئەو سەرقاڵی دەرمانکردن بوو کە بە تۆڕی 964ی وت، “یەک بوتڵ دەرمانی لەناوبردنی مێرووی زیانبەخشم بە 55هەزار دینار کڕیوە، لە رۆژگاری ئەمڕۆدا خزمەتکردنی یەک دۆنم زەوی نزیکەی 300 هەزار دیناری تێدەچێت”.

لەبارەی رشتنی دەرمان لە رێگەی فڕۆکەوە باسی لەوە کرد، “ئەمە کارێکی زۆر چاکە، ئەگەر حکومەت ئەوکارە بکات، ئاوڕێکە و لە جوتیاری دەداتەوە، ئەوە هاوکارییەکی گەورەیە”. بەهۆی ئەوەی جوتیاران مەکینەی جوت بەکاردەهێنن بۆ رشاندنی دەرمانەکە، بەشێک لە گەنمەکەیان لەناودەچێت، بە وتەی ئەو جوتیارە، “ئەگەر فڕۆکە ئەو کارە بکات هیچ زیانێکی نابێت”.

فڕۆکەخانەی عەربەت لە ساڵی2007ەوە دەستی بە کار کردووە، ساڵانە لە رێگەی دابینکردنی بودجە و دەرمان ئەرکی رشاندنی لە ئەستۆ گرتووە، ئێستا ئەو فڕۆکەخانەیە خاوەنی چوار فڕۆکەیە و ژمارەی کارمەندەکانیشی لە 58 کەسەوە بۆ نۆ کەس کەمیکردووە، لەکاتێکدا ئێستا کاری پێگەیاندنی خوێندکار و فڕۆکەوانی ئەکادیمیشی لە ئەستۆ گرتووە.

نەورۆز عەبدولقار بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی عەربەت نایشارێتەوە کە جوتیاران داوایانکردووە لە رێگەی فرۆکەوە کاری رشتنی دەرمان ئەنجامبدەن، بەڵام ئەو بە تۆڕی 964ی وت، “بڕیاری رشتنی دەرمان لای ئەوان نییە، بەڵکو دەبێت لە وەزارەتی کشتوکاڵەوە بودجە و دەرمان دابینبکرێت، ئەو کاتە فڕۆکەخانەی عەربەت رشتنی دەرمانەکە ئەنجامدەدات”.

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی عەربەت دەڵێت، بەهۆی ئەوەی حکومەت بودجەی ساڵانەی نییە ئەوان ناتوانن داوای پشکی خۆیان بکەن، ئەوەشی وت، “میزانییەیان چەند ساڵێکە بە تەواوی کەمیکردووە، لەکاتێکدا فڕۆکە پێویستی بەردەوامی بە سیانەکردن و نوێ کردنەوە هەیە، ئەوان چەند ساڵێکە بەدەرن لەوانە”.

نەورۆز عەبدولقادر، لەبارەی داواکاری جوتیارەکانەوە وتی، “ژمارەیەکی زۆری فەرمانبەرمان خانەنشین بوون، ئێمە ئێستا لە قەیرانی نەبوونی فەرمانبەرداین بە دەرەجەی یەکەم و هەروەها بەهۆی نەبوونی بودجە گرفتی هونەریمان بۆ دروستبووە توانای دابینکردنی سیانە و بەنزینی فرۆکەکانمان نییە، کە ئەمانە هەمووی داواکاری ئێمەن بۆ ئەوەی هاوکاری زیاتر بکرێن، تا بەدەم داواکاری جوتیارەکانەوە بچین”.

بە قسەی ئەو فڕۆکەخانەی عەربەت، لە پارێزگاکانی سلێمانی، ھەڵەبجە و ھەولێر چالاکی کشتوکاڵی ھەبووە و لەزۆربەی ناوچەکان وەزارەتی کشتوکاڵ کاری دەرمانڕشتنی لە رێگەیەوە ئەنجامداون.