لە سلێمانی

دوو بۆرە دز نزیکەی هەشت دەفتەر دۆلاریان دزی؛ قۆڵبەست کران

964+

شۆڕش قادری

لە گەڕەکی راپەڕینی سلێمانی، دوو بۆرە دز نزیکەی هەشت دەفتەر دۆلاریان لە ماڵێک دزی، بەڵام بۆیان نەچووەسەر، پۆلیس دۆزینیەوە و قۆڵبەستی کرد.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت، “دوای ئەوەی هاوڵاتییەک لە نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی راپەڕین سکاڵای تۆمارکرد کە دزی لەماڵەکەی کراوە و بڕی  60 ملیۆن دینار و 38 هەزار دۆلاری ‌‌ئەمریکی لێدزراوە، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون، توانراوە لەلایەن مەفرەزەکانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی راپەڕینەوە، دوو تۆمەتبار بدۆزرێنەوە و دەستگیربکرێن”.

لەکاتی دەستگیرکردنی ئەو دوو دزە، هەندێک لە پارە دزراوەکە دەستی بەسەرداگیراوە کە بڕی 28 ملیۆن و 550 هەزار دیناری عێراقی و 27 هەزار و 600 دۆلاری ئەمریکی بووە.

سەبارەت بە باقی پارەکەی تر پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، دزەکان قاڵبێک زێڕیان پێکڕیوە کە 100 گرامە، ئەویشیان بۆ قوت نەچوو و لێیان سەنرایەوە.

تۆمەتباران بەناوەکانی (م، ع، ش) و  (س، ئ ، م )، بەبڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی (444) لەیاسای سزادانی عێراقی راگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.