کوژراو و برینداریش هەیە
پژاك دەڵێت لە مەریوان وەڵامی هێرشەکانی سوپای پاسدارانمان دایەوە
فەرهاد حەسەن
یەکینەکانی پاراستنی رۆژهەڵاتی کوردستان کە بە (یەرەکە) ناسراوە و باڵی سەربازی پژاكە رایگەیاند، وەڵامی توندی هێرش و بۆردومانەکانی سوپای پاسدارانی ئێرانیان لە ناوچەی مەریوان داوەتەوە و لەو رووبەڕوبونەوانەی كە لە رۆژی 7.6.2026 دەستیپێکردوە، دەڵێت “ژمارەیەک لە هێزەکانی سوپای پاسداران کوژراو و بریندار بوون، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێک بە شەڕڤانان بگات”.
ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی (یەرەکە) لە راگەیاندراوێکدا ئاشکرایکرد، کە لە رێکەوتی 7.6.2026 سوپای پاسدارانی ئێران لە ناوچەی مەریوان دەستیان بە جموجۆڵی سەربازی کردووە کە بە چەکی قورسی وەکو تۆپ و هاوەن، دەستیان بە بۆردومانکردنی ئەو ناوچانە کردووە کە هێزەکانی ئەوانی لێ جێگیرن.
لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، لە چوارچێوەی مافی پاراستنی رەوادا، هێزەکانی یەرەکە وەڵامی هێرشەکانی سوپای پاسدارانیان داوەتەوە و رووبەڕوویان بونەتەوە. جەختدەکاتەوە کە لەم پێکدادانانەدا زیانی گیانی (کوشتن و برینداربوون) لە ریزەکانی ئێران هەیە، لە کاتێکدا هیچ زیانێک بەر هێزەکانی یەرەکە نەکەوتووە.
پێشتر و لە 26.5.2026 یەرەکە بەرپرسیارێتی سزادانی “ئومێد وەشکەلانی” لە مەریوان گرتە ئەستۆ و تۆمەتباری کرد بە هاوکاریی ڕژێمی ئێران، بڵاوکردنەوەی ماددەی هۆشبەر و تێکدانی بەها کۆمەڵایەتییەکان، هاوکات هۆشداری توندی دایە هەموو ئەو کەسانەی هاوکاری داگیرکەران دەکەن کە دەبنە ئامانجی هێزەکانیان.
ئەوە لەكاتێكدایە لەگەڵ گرژییەكانی ناوچەكە، پێدادان لە نێوان هێزەكانی پژاك و ئێران زیادیكردوە و سەرەتای مانگی رابردوش یەرەكە لە راگەیەندراوێكدا بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکەی گوندەكانی مێونێ، هەمران و سارتکێی بە ناوچەی سەردەشت راگەیاند.