"وائەزانم ئێستا لەدایکبووم"

پەیمانگایەک بەدەم باوانی رۆشنبینەوە هات؛ 964 ئەمجارەش ئیشی خۆی کرد

دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی

964 ئەمجارەش ئیشی خۆی کرد و پەیمانگایەک بەدەم باوانی رۆشنبینەوە هات کە دەیهەوێ ببێت بە حاکمێکی عادل و حەقی خەڵک بستێنێ.

چەند رۆژ پێش پەیامنێری 964 چووە ماڵێک لە سلێمانی، بیرتان دەخەمەوە ئەو ماڵە کوڕێکی نابینایان هەیە بەناوی باوان، کە بەهەوڵ و ماندوبوونی خۆی و شەونخوونی دایکی، لەڕێی تۆمارکردنی وانەکان لەسەر میمۆری، تا پۆلی 10ـی بەسەرکەوتوویی بڕیوە، بەڵام ئێستا بەهۆی گۆڕانی مەنهەجەوە وانەکانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی دەست ناکەوێت، ئەمڕۆ پەیمانگای ئاری کڵاس هاتووەتە خەت و دەڵێت، کێشەکەی بۆ چارەسەر دەکەین.

مامۆستا ئاری عەلی بەڕێوەبەری پەیمانگاکە بە 964ـی وت، “دوو ئۆفەر پێشکەشی ئەم خانەوادەیە دەکەین، یەکەم سەرجەم وانەکانی بۆ دابین دەکەین تاوەکو دەگاتە پۆلی 12 بە مەنهەج و وانەی تازەوە و هاوکاری دوو قوتابی دیکەشیان دەکەین، دووەم هەرکاتێک خولی هاوینە و وەرزەکانمان هەبوو دەتوانێ بەبێ بەرامبەر بەشداری خولەکان بکات”.

باوان گەردون دەڵێ، “دەمهەوێ ببم بە حاکمێکی عادل و حەقی خەڵک بستێنم”، سۆزان عەبدوڵاش دایکی باوان دڵخۆشی خۆی بۆ ئەو بڕیارەی پەیمانگای ئاری کڵاس دەربڕی و وتی، “وائەزانم ئێستا لەدایکبووم”.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری