"ژنەکەم عەمەلیاتە ڕێگەم بدەن بڕۆم"

عەلوەی تەق تەق داخرا و رێگای هاتوچۆش پەکی کەوت

دەریا ئەحمەد – کۆیە

جوتیاران و کاسبکاران عەلوەی تەقتەقیان داخست و ڕێگای نێوان (کەرکوک ـ تەق تەق ـ کۆیە )یشیان داخستووە و لە سنووری خاڵخاڵانی ناحیەی شوانی پارێزگای کەرکوک رێگە بەهیچ هاوڵاتیەک و گەشتیارێک نادەن بێنە سنوورەکە.

هۆکاری توڕەیی جوتیارانی تەقتەق، بەهۆی ئەوەوەیە ناهێڵن لۆبیای سنورەکە بڕوات بۆ خواروی عێراق.

سەباح حاجی عوسمان بەڕێوەبەری کشتوکاڵی تەقتەق بە 964ـی وت، “پێشتر ئێمە نوسراومان دەکرد تا جوتیارەکانمان بتوانن بەرهەمەکانیان ببەنە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق بەڵام چەند رۆژێکە کار بەو نوسراوەی ئێمەش ناکەن و رێگری دەکەن کە جوتیاران هەر بەرهەمێکی کشتوکاڵی لە سنووری قەزای تەقتەقەوە ببەنە ناوچەکانی تری عێراق و لە بازگەکانی سنووری کەرکوکەوە رێگری دەکەن.

” بە جوتیارانمان وتراوە کە نوسراوی کشتوکاڵی ناحیەی شوان بێنن لە کاتێکدا ئێمە ئەو جوتیارانە دەناسین و لە سنوورەکەی ئێمەدان نەک لە سنووری ناحیەی شوان” سەباح وای وت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەرهەمێکی زۆری جوتیاران ماوەتەوە و تەنانەت رۆژانە نزیکەی 100 تۆن بەرهەمی لۆبیامان هەیە جگە لە چەندین بەرهەمی تر، بەڵام ئەم رێگریکردنە کێشە بۆ بەرهەمەکان دروست دەکات.

پێداچوونەوە: توانا نەقی