لەسەرەتاى ساڵەوە 26 خاڵەتى لەم شێوەیە تۆمارکراوە
تەرمى کۆرپەیەک لە نێو زبڵدانی قامیشلۆ دۆزرایەوە
964+
وریا فەتاح
تەرمى کۆرپەیەکى تازەلەدایکبوو لەلایەن ژمارەیەک هاوڵاتى شارى قامیشلۆ لە رۆژئاواى کوردستان، لەناو زبڵدانێکدا دۆزرایەوە، ئەمەش شەپۆلێکی توندی توڕەیی و نیگەرانی لە نێو دانیشتوانەکەدا دروستکردووە.
روانگەى سورى بۆ مافەکانى مرۆڤ بڵاوى کردەوە، ئەم ڕووداوە جارێکی تر دیاردەی وازهێنان و فڕێدانی منداڵانی ساوا لە سووریا دەهێنێتەوە بەرباس، کە لە چەندین پارێزگای جیاجیای ئەو وڵاتە بەردەوامی هەیە و چەندین جار منداڵ لە سەر شەقام، شوێنە گشتییەکان و نێو زبڵدانەکاندا دۆزراونەتەوە.
روانگەى سورى ئاشکراى کردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە (2026)، لە کەمپینی بەدواداچوونیان توانیویەتی 26 حاڵەتی فڕێدانی منداڵانی تازەلەدایکبوو لە ناوچە جیاجیاکانی سووریا تۆمار بکەن، کە لە ناو حەشارگە، جانتا، کیسە، بەردەم مزگەوتەکان و لەسەر شەقامەکاندا جێهێڵدراون.
بڵاوبوونەوەی ئەم ئامارە هاوکاتە لەگەڵ داواکاریی رێکخراوەکان بۆ توندکردنی رێکارەکانی پاراستنی منداڵان و دابینکردنی چاودێریی پێویست بۆیان، لەگەڵ گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی توند بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم دیاردانە کە هەڕەشە لە ژیانی منداڵان دەکەن.
بەپێی ئامارەکان، دابەشبوونی 26 حاڵەتەکەی ئەمساڵ بەم شێوەیەیە:
24 حاڵەت: لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی سووریا (کە هەندێکیان گیانیان لەدەستداوە).
2 حاڵەت: لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی “بەڕێوبەرایەتیی خۆسەر” لە رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا.