درجال وەڵامى یونس دەداتەوە

پارەی 11 یاریزان ماوە؛ نهێنی کێشەی 22 دەفتەر دۆلارەکەی هەڵبژاردەی عێراق ئاشکرا بوو


وریا فەتاح

رکابەریی و ناکۆکییەکانى یونس مەحمود سەرۆکى یەکێتى تۆپى پێى ئێستاى عێراق و عەدنان درجالى سەرۆکى پێشوو، تەنیا لە هەڵبژاردنى یەکێتییەکە رەنگى نەدایەوە و گەیشتە گومانکردنى دارایى، ئەوەتا ئەمڕۆ یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بە سەرۆکایەتیی یونس مەحموود، لە نووسراوێکی فەرمیدا داوا لە عەدنان دەرجال، سەرۆکی پێشووی یەکێتییەکە دەکات چارەنووسی 220 هەزار دۆلار لەو دیارییەی محەمەد حەلبووسی ئاشکرا بکات، بۆ ئەمەش مۆڵەتی 72 کاتژمێری بۆ دیاریکردووە.
محەمەد فازڵ، سکرتێری عەدنان دەرجال، روونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە و  رایگەیاند، هیچ پارەیەک ون نەبووە و وردەکارییەکەشی بەم شێوەیە خستووەتەڕوو:
یەکەم: پارەکە تایبەت بووە بە شاندی هەڵبژاردەکە، بەشێوەیەک 10 هەزار دۆلار بۆ راهێنەر، یاریزانان و ئەمینداری گشتی، هەروەها 5 هەزار دۆلاریش بۆ ئەندامانی دیکەی شاندەکە بڕدراوەتەوە.
دووەم: پارەکە رادەستی کامیل عەدای، ئەمینداری دارایی یەکێتییەکە کراوە و ئەویش پاداشتی سەرجەم یاریزانان و ستافە کارگێڕی، راهێنەرایەتی و پزیشکییەکانی نێو عێراقی داوە.
سێیەم: ئەو 220 هەزار دۆلارەی کە باسی دەکرێت، پاداشتی 11 یاریزانی پیشەگەرە (کە دەکاتە نیشتەجێی دەرەوەی وڵات).
روونیشى کردووەتەوە، بڕیاربوو لە کاتی گەشتی شاندەکە بۆ ئیسپانیا پارەکەیان رادەست بکرێت، بەڵام بەهۆی هەڵوەشاندنەوەی گەشتەکە لەبەر بارودۆخی هەڵبژاردنەکان و پشووی جەژن، پرۆسەکە دواکەوتووە.

دەشڵێت: له‌ ئێستادا، هەماهەنگی لەگەڵ ئەحمەد موسەوی، ئەندامی یەکێتیی تۆپی پێ کراوە بۆ ئەوەی لە نزیکترین کاتدا ئەو بڕە پارەیەی ماوە بگەیەنرێتە دەست ئەو 11 یاریزانە پیشەگەرە.