هۆکارەکەی رزگارکردنی دووو منداڵ بووە

لە رووباری دیجلە لە سنووری تکریت 13 کەس خنکان

سیروان خورشید – خورماتوو

بەهۆی رزگارکردنی دوو منداڵ کە کەوتبوونە ناو ئاوی رووباری دیجلە، لە سنووری شاری تکریت، 13 کەس کە لە چەند خێزانێکن دیار نەمان و دواتر شەش کەس لەوانە بە زیندوویی دۆزراونەتەوە و حەوتیشیان خنکاون.

رووداوەکە درەنگانی ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی لە گوندی موحەزم لەباکووری شاری تکریت روویداوە.

یاسین محەمەد، سەرۆکی  لیژنەی تەندروستی لە پارێزگای سەڵاحەدین بە964ـی وت، دوو خێزان بۆ گەشتوگوزار چوونەتە سەر رووباری دیجلە، لەو کاتەدا دوو منداڵیان دەکەونە ناو رووبارەکەوە و کەسوکاری منداڵەکان بۆ رزگارکردنیان دەچنە ناو ئاوەکە، بەڵام بەهۆی بەهێزیی ئاوەکە و قووڵیی رووبارەکە، هەوڵەکانیان سەرکەوتوو نەبووە و 13 کەسیان خنکاون کە لەنێویاندا ژن و منداڵیشی تیدایە.

وتیشی “تاوەکو ئێستا تەرمی شەش کەس دەرهێنراون و حەوتیان ماون دەربهێندرێن”.

ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکانی بەرگریی شارستانی و مەلەوانان دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و پرۆسەی گەڕان و پشکنین بۆ دۆزینەوەی تەرمەکان بەردەوامە.

نوێکردنەوە لە کاتژمێر 9:13 خولەک

یاسین محەمەد، سەرۆکی  لیژنەی تەندروستی پارێزگای سەڵاحەدین بۆ 964  زانیاری نوێی لەسەر ژمارەی کەسە خنکاوەکان ئاشکرا کرد کە پێشتر بۆ 9864 ئاماژەی بەوەکردبوو کە 13 کەس خنکاون، لە ئێستادا دەڵێت “شەش لەو کەسانە دوای دیارنەمانیان بۆ ماوەیەک لەناو ئاوەکەدا بە زیندوویی دۆزراونەتەوە”.

وتیشی “لەو حەوت کەسەی خنکاون، شەش تەرم دۆزراونەتەوە و تەنیا یەک تەرم ماوە بدۆزرێتەوە”.

پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن