چوارەم رۆژ ئاسایی دەبێتەوە

رۆژانى جەژن؛ گەرما و تۆزێکی سوک هەیە

وریا فەتاح

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، راپۆرتێکی تایبەتی سەبارەت بە کەشوهەوای رۆژانی جەژنی قوربان بڵاوکردەوە و پێشبینی دەکات پلەکانی گەرما روو لە بەرزبوونەوە بکەن و شەپۆلێکی سوکی تۆزیش بێتە ئاراوە.

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، رۆژی چوارشەممە 27.05.2026 کە دەکاتە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان، ئاسمان لەنێوان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت، پلەکانی گەرماش بەراورد بە ئەمڕۆ دووشەممە، 2 تا 3 پلە بەرزدەبنەوە و خێرایی با لەسەرخۆ دەبێت.

بۆ رۆژی پێنجشەممە 28.05.2026، شەپۆلێکی سوکی تۆزخۆڵ بەتایبەتی ناوچەکانی باشووری هەرێم دەگرێتەوە، ئاسمان بەگشتی تەنکە هەوری بەرز دەبێت و پلەکانی گەرماش 2 بۆ 3 پلەی دیکە بەراورد بە یەکەم رۆژی جەژن بەرزدەبنەوە.

کەشناسی ئاماژەی بەوەشکردووە، رۆژی هەینی 29.05.2026، گەرما کەمێک دەشکێت و پلەکانی گەرما 2 تا 3 پلە نزم دەبنەوە، بەڵام خێرایی با چالاک دەبێت و لە هەندێک کاتدا دەگاتە سەروو 30 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا و تۆزێکی سوکیش بەردەوام دەبێت. بۆ کاتەکانی ئێوارە خێرایی باکە ئاسایی دەبێتەوە.

لە چوارەم رۆژی جەژندا کە دەکاتە شەممە 30.05.2026، کەشوهەوا جێگیر دەبێتەوە، ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت، مەودای بینین بۆ 8 تا 10 کیلۆمەتر زیاد دەکات، بەڵام پلەکانی گەرما دووبارە 1 بۆ 2 پلە بەرزدەبنەوە.