یەکێک لە رزگاربووەکانی ئەنفال
مایکی 964 دەخرێتە بەردەمی، “من ئەم ژمارەم خۆشەوێ”
سیروان خورشید – سەماوە
ئەمڕۆ، کەسوکاری ئەنفالکراوان لە گەشتێکی پڕ لە ئازار و بیرەوەریدا گەیشتنە بەردەم قەڵای “نوگرەسەلمان” ئەو شوێنەی کە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا بوو بە گۆڕستانی بەکۆمەڵ و زیندەبەچاڵکردنی رۆڵەکانیان.
گەشتنی ئەوان بە نوگرە سەلمان، دوای بڕیاری لە سێدەرانی حەجاج یەکێک لە تاوانبارانی دۆسیەی ئەنفال و وە ئەمڕۆ نوێژی هەینییان لە نوگرە سەلمان کرد.
لەوێ، لەنێو دیواری ڕەشپۆشی قەڵاکەدا، دەنگی گریان و هاواری دایکان و خوشکان تێکەڵ بە بێدەنگیی دیمەنە تراژیدییەکەی بیابان ببوو، ئەوان بە چاوێکی پڕ لە فرمێسک و دڵێکی پڕ لە برینەوە، سەیری ئەو شوێنەیان دەکرد کە رۆڵەکانیان تێیدا خنکێنران و بە زیندویی خرانە ژێر خۆڵەوە.
لە نێو ئامادەبوواندا، عەلی عارف، یەکێک لەو کەسانەی کە بەختی یاوەری بوو و توانی لەو زیندانە دۆزەخییە رزگاری بێت، بە گریان و هەناسەی ساردەوە چیرۆکی ئەو رۆژانەی بۆ مایکی 964 گێڕایەوە.
عەلی کە هێشتا وێنەی ئەو ساتە تاڵانە لەبەرچاوییەتی، بە ئاماژەدان بە ناوی میدیاکەمان دەڵێت، من ژمارە 964م بە دڵە، چونکە ئەو ژمارەیە تەمەنی ئەو برا شەهیدەکەمە کە لەو قەڵایەدا شەهید بوو، بەسەرهاتنی نەهامەتیەکانیان باس دەکات.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا