"گەنمەکەمان هەرزانفرۆش ناکەین"
جوتیارانی عامودا دژی بڕیارێکی حکومەتی سوریا دەنگیان هەڵبڕی
ئۆفیسی 964 لە قامیشلۆ
جوتیارانی عامودا و دەوروبەری دژی بڕیارێکی حکومەتی سوریا دەنگیان هەڵبڕی و دەڵێن گەنمەکەمان ناکەینە ئاوەوە و نایدەین بە حکومەت.
بەپێی بڕیارێکی وەزارەتی کشتوکاڵی سوریا، بۆ ئەمساڵ هەر تۆنێک گەنم بە 350 دۆلار لە جوتیاران وەردەگیرێت و لە ماوەی سێ مانگدا دوای وەرگرتنی گەنمەکە لێیان، پارەکەیان لە بانک پێدەدرێت.
جوتیارانی عامودا لە بڕیارەکە ناڕازین و دەڵێن، ساڵی پار تۆنی بە 420 دۆلار لێمان وەردەگیرا، بۆ کەمکراوەتەوە، لەکاتێکدا هەموو شت وەک حەقی تراکتۆر و کرێکار گرانبووە لەسەرمان.
تەلال حەسەن یەکێک لەو کرێکارانە بەدڵێکی پڕەوە قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “هەموو شت بە دۆلارە و بۆ هەر دۆنمێک نزیکەی 120 دۆلار دەکەوێ لەسەر ئێمە، وەزیر دەبێ بێتە ناو جوتیاران و ئاگای لە حاڵ و وەزعیان هەبێ، نەک هەر لەسەر کورسییەکەیەوە بڕیار بدات”.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری