دڵی هاوڵاتییەکی خاوەن پێداویستی تایبەتی خۆش کرد

دیارییەکەی وەستا رزگاری فیتەر گەیشتە شوێنی خۆی

دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی

دیارییەکەی وەستا رزگاری فیتەر گەیشتە شوێنی خۆی و دڵی هاوڵاتییەکی خاوەن پێداویستی تایبەتی خۆش کرد.

وەستا رزگاری فیتەر وەستایەکی تابڵێی لێزان و شارەزایە، جا هەر ئەوەش نا خێرۆمەندێکی دەست و دڵ بازە و خێر و چاکەی بۆ هەموو کوردستانە، مەکینەی ئۆتۆمبێل دەبەخشێتە ئەو کەسانەی دەستکورتن و توانای ماددیان کەمە.

وەستا رزگار لە هەولێری پایتەختە، هەفتەی رابردوو پەیامنێری 964 چووەلای تاوەکوو لە نیەتی تێبگەین، ئەو وتی، “لە هەر شوێنێکی کوردستان پێویستیان بە من هەبێ، دڵنیابن کەس لەبیر ناکەم”.

لەگەڵ پەیامنێری 964 بەتەلەفۆن قسەیان لەگەڵ هاوڵاتییەکی دانیشتووی سلێمانی کرد بەناوی ئاوات ساڵح کە تاکسی پێیە و مەکینەی سەیارەکەی تێکچووە، ئەو وتی، پارەی پێ نییە و ناتوانێ چاکی بکاتەوە، بۆیە دەمودەست وەستا رزگار بەڵێنی پێدا مەکینەیەکی خاوێن و جوانی بۆ بنێرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 4.5.2026 دیارییەکەی وەستا رزگار گەیشتە سلێمانی و دڵی ئەو هاوڵاتییەی خۆش کرد.

ئاوات ساڵح کە کەمدەرامەت و خاوەن پێداویستی تایبەتیشە، بە 964ـی وت، “دەبوو مەکینەی سەیارەکەم بگۆڕم و زۆر زۆر سوپاسی وەستا رزگار دەکەم”.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەنزین گرانە و ئیشی تاکسیش بەعام خراپە، بژێوی ژیانی خۆی و خێزانەکەی لەسەر ئەو تاکسیەیە و هیچ سەرچاوەی داهاتی دیکەیان نییە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری