بارانبارین
پلەکانى گەرما دادەبەزن
شەپۆلێکى باران و هەورەتریشقە لەڕێیە
وریا فەتاح
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، بارانبارین لە ناوچە شاخاوییەکان، دابەزینی پلەکانی گەرما و ئەگەری خۆڵبارین لە باشووری هەرێم دەکات.
بەپێی پێشبینییەکان، ئەمڕۆ کەشی هەرێمی کوردستان بەگشتی لە نێوان هەور و نیمچە هەوردا دەبێت. لە کاتەکانی بەیانی تا ئێوارە، لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری باکوور و باکووری رۆژهەڵات نمەباران دەبارێت. لە دوای نیوەڕۆشەوە پێشبینی دەکرێت کاریگەریی ئەم شەپۆلە درێژ ببێتەوە بۆ ناوچە نیمچە شاخاوییەکان بە شێوەی نمەبارانی پچڕپچڕ. هاوکات لە ناوچەکانی باشووری هەرێم ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵێکی سووک هەیە.
بۆ سبەی سێشەممە، ئاسمان لە نیمچە هەورەوە بۆ هەوری تەواو دەگۆڕێت، بەتایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکان. سەرەتا نمەباران لە ناوچە سنوورییەکان دەستپێدەکات و هەندێک کات دەگۆڕێت بۆ تاوەباران و هەورە تریشقە. پاشان لە دوای نیوەڕۆوە کاریگەرییەکەی دەگاتە ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی، پێش ئەوەی لە کاتەکانی ئێوارەدا کەشەکە جێگیر ببێتەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو بە پلەی سیلیزی بەم شێوەیە دەبێت:
هەولێر: ئەمڕۆ 27 پلە | سبەی 25 پلە
سلێمانی: ئەمڕۆ 23 پلە | سبەی 22 پلە
دهۆک: ئەمڕۆ 26 پلە | سبەی 24 پلە
هەڵەبجە: ئەمڕۆ 26 پلە | سبەی 24 پلە
گەرمیان: ئەمڕۆ 32 پلە | سبەی 30 پلە
زاخۆ: ئەمڕۆ 26 پلە | سبەی 25 پلە
چەمچەماڵ: ئەمڕۆ 26 پلە | سبەی 25 پلە
سۆران: ئەمڕۆ 21 پلە | سبەی 22 پلە
پیرمام: ئەمڕۆ 22 پلە | سبەی 21 پلە
حاجی ئۆمەران: ئەمڕۆ 14 پلە | سبەی 15 پلە