عەلى زەیدى بۆ وەزیرەکانى:

یەک هەفتە مۆڵەتتان دەدەمێ و سەروەت و سامانتان ئاشکرا بکەن

وریا فەتاح

وەک زۆربەى سەرۆک وەزیرانەکانى پێشخۆى، عەلى زەیدى بە بڕیار و داواکارى گەورە دەستیپێکرد، هاوشێوەى ئەوانەى پێشخۆى، دانانى مۆڵەتى هەفتەیەک بۆ وەزیرەکان تا سەروەت و سامانیان ئاشکرا بکەن.

ئەمڕۆ شەممە، عەلی فالح زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەرپەرشتی یەکەمین کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی کرد. لە کۆبوونەوەکەدا دوای گوێگرتن لە راپۆرتی وەزیرەکان، سەرۆک وەزیران پاکێجێک رێنمایی و بڕیاری دەرکرد کە دەبنە نەخشەڕێگەی کاری حکومەت بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتیان و بەرەوپێشبردنی ئابووریی وڵات.

بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق، زەیدی چەند ئەرکێکی دیاریکراوی بە وەزارەتەکان سپاردووە، کە گرنگترینیان بریتین لە:

وەزارەتی نەوت: نابێت تەنیا وەزارەتێک بێت بۆ فرۆشتنی نەوتی خاو، بەڵکو دەبێت کار بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنان، هەناردەکردن و پەرەپێدانی کەرتی نەوت بکات.
وەزارەتی کارەبا: دەبێت دوو پلانی خێرا ئامادە بکات؛ یەکێکیان بۆ چارەسەری کێشەی کارەبا لە هاوینی ئەمساڵدا، ئەوی دیکەیان پلانی درێژخایەن بۆ پەرەپێدانی تۆڕەکانی کارەبا.
وەزارەتی دەرەوە: ئامادەکردنی پەیپەری خێرا بۆ کاراکردنەوەی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، هەرێمی و نێودەوڵەتی.
وەزارەتی تەندروستی: بەپەلە یاسای بیمەی تەندروستی کارا بکات.
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن: تەواوکردنی پرۆسەی بەدیجیتاڵکردنی دامەزراوەکان، هەروەها خێراکردنی پرۆژەی “رێگەی گەشەپێدان” (طريق التنمية) بۆ بەستنەوەی عێراق بە بازرگانی جیهانییەوە.
رێنماییە گشتییەکان بۆ سەرجەم وەزیرەکان:
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران ژمارەیەک رێنمایی گشتی ئاراستەی سەرجەم وەزیرەکان کرد کە دەبێت کاری پێبکەن، لە دیارترینیان:

1. لە ماوەی یەک هەفتەدا لەمڕۆوە، دەبێت سەرجەم وەزیرەکان فۆڕمی ئاشکراکردنی سەروەت و سامانیان (کشف الذمة المالية) پڕبکەنەوە.
2. لە ئێستادا هیچ جۆرە گۆڕانکارییەکی کارگێڕی و پەیکەربەندی لەناو وەزارەتەکاندا نەکرێت.
3. هەر وەزارەتێک لە ماوەی (30) رۆژی کارکردندا کارە لەپێشینەکانی دیاری بکات بۆ ئەوەی بخرێتە ناو بەرنامەی حکومەتەوە و پەسەند بکرێت.
4. بەڕێوەبەری نووسینگەی وەزیرەکان، دەبێت حصراً لەناو فەرمانبەرانی خودی وەزارەتەکە هەڵبژێردرێن.
5. مامەڵەکردن لەگەڵ باڵیۆزانی عەرەبی و بیانی تەنیا لە چوارچێوەی فەرمی و بە ئامادەبوونی نوێنەری وەزارەتی دەرەوە دەبێت.
6. کەمکردنەوەی رۆتین، ئاسانکاریکردن بۆ مامەڵەی هاوڵاتیان و کارکردن بە سیستەمی “پەنجەرەی یەکگرتوو” بۆ ئاسانکاری کاری وەبەرهێنەران.
7. دوورخستنەوەی دامەزراوە فەرمییەکان لە ململانێی حزبی، سیاسی و تائیفی.
8. پێشینەدان بە نەهێشتنی گەندەڵی، هاوکاریکردنی دەستەی دەستپاکی و هەوڵدان بۆ گێڕانەوەی ئەو پارانەی عێراق کە براونەتە دەرەوە.
9. دابەزینی مەیدانی بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی بڕیارەکان و چارەسەرکردنی کێشەی هاوڵاتیان بە نزیکەوە.