بە ئەمری سودانی

گۆڕانکاری لە فەرماندەی سەربازیی کەرکوک کرا

ئەرسەلان عەبدوڵا

سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانی دا گۆڕانکاری و گواستنەوە لە گەورە بەرپرسە سەربازییەکانی هەردوو شاری کەرکوک و سەڵاحەدین بکرێت.

سەرچاوەیەکی ئەمنی بە 964ی راگەیاند، محەمەد شیاع سودانی، کە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقیشە، بڕیاریدا بە گواستنەوەی لیوا روکن مەعد بەدای لە فەرماندەیی فیرقەی 11 بۆ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک.

هەروەها گواستنەوەی فەریق روکن ساڵح حەرز لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک، بۆ ئیدارەی پلاندانان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان.

بە پێی سەرچاوەکەی 964 گۆڕانکاریی دیکەش کراوە و لیوا روکن سەباح عەبد لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژهەڵاتی سەڵاحەدین گواسترایەوە بۆ فەرماندەیی فیرقەی 11.

سەرچاوەکە ئاماژە بەوە دەکات، ئەو بڕیارانەی لە دامەزراوەی سەربازی دراون لەگەڵ کۆتاییهاتنی کاری حکومەتی ئێستا دراون و دووبارە دابەشکردنەوەی پۆستە سەربازییەکان ئەنجام دەدرێت.