رووداوەکە لە تەکیە بووە و شۆفێرەکەش هەڵاتووە
هاوڵاتییەک ئۆتۆمبێل لێی داوە و گیانی لەدەستداوە؛ ناسنامەی دیار نییە
عەزیز عەبدوڵا – چەمچەماڵ
لە ناحیەی تەکیە هاوڵاتییەک، ئۆتۆمبێل لێی داوە و گیانی لەدەستداوە، ناسنامەی ئەو هاوڵاتییە دیار نییە و شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەش هەڵاتووە.
شەریف رەحیم جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ بە 964ـی وت، “کاتژمێر 4:00 بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 12.8.2026 ئاگادار کراینەوە لە حاڵەتێکی شێلان لە ناحیەی تەکیەی کاکەمەند، کاتێک تیمەکانمان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە، کەسەکە هەر لەوێ گیانی لەدەستدابوو”.
“تەمەنی سەروو 30 ساڵ دەبێ و هیچ ناسنامەیەکی پێنەبووە، تەرمەکەی زیاتر لە حەوت کاتژمێرە لە پزیشکی دادی چەمچەماڵە و تائێستاش چاوەڕوانی کەسوکاری دەکەین”، شەریف رەحیم وای وت.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەموو رێکارە یاساییەکانیان تەواو کردووە، تەرمەکە هەر لەناو ساردکەرەوەدا دەمێنێتەوە تا ئەو کاتەی کەسوکاری پەیدا دەبن.
بەقسەی چەند شایەتحاڵێکی رووداوەکە، ئەو ئۆتۆمبێلەی لە هاوڵاتییەکەی داوە، هەڵاتووە و لەسەری نەگەڕاوەتەوە، تاوەکوو ئێستاش دیار نییە کێیە و بۆ کوێ چووە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری