لەنێوان حەسەکە و قامیشلۆ "شۆفێرەکەی سەلامەتە"

بەهۆی تەقینی تایەی دواوەی تانکەرێکی سووتەمەنی وەرگەڕا

فەرهاد حەسەن

بەرێوەبەرایەتی گشتی ترافیک لە شاری حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان چەند دیمەنێکی رووداوێکی هاتوچۆی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، ئەمڕۆ لەسەر رێگای گشتی قامیشلۆ بۆ حەسەکە روویداوە و بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

بەپێی راگەیەندراوێک، هۆکاری روداوەکە کە لە نزیک یەکتربڕی “کەبکا” روویداوە، تەقینی یەکێک لە تایەکانی دواوەی تانکەرەکە بووە، ئەمەش وایکردووە شۆفێرەکە کۆنترۆڵ لەدەستبدات و تانکەرەکە لە کەناری رێگاکە وەربگەڕێت. هاتوچۆ دەڵێت، خۆشبەختانە لە رووداوەکە تەنیا زیانی ماددی هەبووە و هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە.

هاتوچۆی حەسەکە هۆشداری بە شۆفێران دەدات، کە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرماوە کە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر سەلامەتیی تایەکان هەیە، زیاتر وریابن، جەختیش دەکاتەوە کە بەردەوام پشکنین بۆ تایەکان بکەن، بۆ دڵنیابوونەوە لە پەستانی هەوای ناو تایە، دەشڵێت “پێویستە لەم وەرزەدا خێراییەکانیان کەم بکەنەوە و باری قوڕسێش کە لە توانای ئۆتۆمبێلەکانیان دانییە بار نەکەن، تاوەکو رێگری لەم جۆرە رووداوانە بکرێت.