لە سنووری پارێزگای دهۆک
لە دوای “بیارە” گوندی “هرورێ”ش کاندید دەکرێت بۆ پێشبڕکێی جیهانیی باشترین گوندی گەشتیاری
سیداد حەبیب – دهۆک
گوندی “هرورێ” لە سنووری پارێزگای دهۆک کاندید دەکرێت بۆ پێشبڕکێی جیهانیی باشترین و جوانترین گوندی گەشتیاری، کە ساڵانە لە لایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سازدەکرێت.
گوندەکە سەر بە ناحیەی کانی ماسییە لە قەزای ئامێدی و یەکێکە لەو هەشت گوندەی عێراق کە بۆ ئەم کێبڕکێیە دەستنیشانکراون.
شەمال جەعفەر، وتەبێژی گەشتوگوزاری دهۆک بە 964ی راگەیاند؛ لە کۆی ئەو هەشت گوندەی عێراق کە کاندیدی فەرمین بۆ بەدەستهێنانی نازناوی جوانترین و باشترین گوندی گەشتیاری لە جیهاندا، گوندی “هرورێ” یەکێکە لەوان.
وتیشی “بەهۆی جوانییە بێوێنەکەی گوندی هرورێ کە ناوچەیەکی گەشتیاریی ئێجگار ناوازەیە، لەگەڵ سروشتە دڵڕفێنەکەی و هەبوونی ڕەز و باخە دێرینەکانی هەنار، ترێ و هەنجیر، وەک جوانترین گوند لەسەر ئاستی پارێزگای دهۆک دەستنیشانکراوە”.
ئەم پێشبڕکێیە لە ساڵی 2021ەوە بە شێوەیەکی ساڵانە لە لایەن رێکخراوی گەشتوگوزاری جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەڕێوەدەچێت، بۆ ئەمساڵیش، هەشت گوند لەسەر ئاستی عێراق دەستنیشانکراون بۆ کێبڕکێیەکە، کە سێ لەوان دەکەونە سنووری هەرێمی کوردستان، کە یەکێک لەوانە “بیارە”یە لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن