پڕۆژەیەکی هونەری لە خورماڵ
قوتابخانەیەک هەر حەزدەکەیت تێیدا بخوێنیت
ئەمەل ناجی
مامۆستایەکی هونەر لە قوتابخانەیەکی قەزای خورماڵ دارودیواری کردووە بە تابلۆ و سکێچی هونەری و پێی وایە ئەم کارەی تەنیا رازاندنەوە نییە، بەڵکو کار لەسەر باشکردنی دەروونی قوتابییەکان دەکات.
کاتێک دەچیتە ناو قوتابخانەکە، هەست دەکەی دەچیتە پێشانگەیەکی هونەری و سەیری تابلۆی جیاوازجیاواز دەکەیت، ئەمە کاری مامۆستای ھونەر ھاوکار عومەرە لە ئامادەیی خورماڵی تێکەڵاو.
ئەو دەستی داوەتە کێشانی وێنە و تابلۆی رەنگاوڕەنگ، خەریکی رازاندنەوە و جوانکارییە لە ناو قوتابخانەکەی، ئەو بە 964ی وت، ئەمە تێکەڵبوونی هونەر و پەروەردەیە، بەهێزکردنی ژینگەی فێربوون و هیوابەخشینە.
مامۆستا هاوکار رەنگ و سکێچی جیاواز بەکاردێنێت، دیزاینی جۆراوجۆر و سەرنجڕاکێش دەکێشێت.
ئەو پێی وایە کار لەسەر دەروونی قوتابییەکان دەکات و گەشەپێدانی کولتووری خوێندن و قوتابخانەیە.
مامۆستا هاوکار گرنگی زۆر بە پڕۆژەکەی دەدات و دەڵێت: بەم کارەم هونەر و زانست تێکەڵ دەبن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا