مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا
ناتۆ هاوکاری واشنتن نەبوو لە جەنگەکەدا و ئێران مەترسییە بۆ سەر جیهان
964+
شانیا بێستون
ئەمڕۆ هەینی 8-5-2026، مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە سەردانەکەیدا بۆ ئیتاڵیا، تیشکیخستە سەر بابەتێکی جیاواز، لە نێو قسەکانی رۆبیۆدا، پەیامی توندی ئاڕاستەی هاوپەیمانانی ناتۆ کرد و بە کەمتەرخەم ناویبردن، هاوکات باسی لە کۆبوونەوەکەی کرد لەگەڵ پاپا لیۆ و وردی گفتوگۆیان لەسەر مەترسییەکان تاران کردووە.
مارکۆ رۆبیۆ سەبارەت بە ناتۆ باسی لەوە کرد، مانەوەی ئەمریکا لە هاوپەیمانییەکە بۆ جێگیرکردنی هێزەکانێتی لە وڵاتانی ئەوروپا و بەکارهێنانێتی لە کاتە پێوستییەکاندا، ئەگەر هاوپەیمانان بە گوێرەی ئەوە هەڵسوکەوت نەکەن دەبێتە کێشە و دەبێت لێکۆڵینەوەی لێ بکرێت.
هاوکات ئاماژەی بە وڵاتی ئیسپانیا کرد، کە رێگربووە لە یارمەتیدانی ئەمریکا، تا رادەیەک بووەتە هۆی قورسکردنی ئەرکەکە لەسەر سەربازانی ئەمریکا.
سەبارەت بە گرژی و ئاڵۆزییەکانی نیوان پاپا و ترەمپ، رۆبیۆ باسی لەوە کرد، کۆبوونەوەیەکی باشی لەگەڵ پاپا کردووە وتی:”بە وردی باسمان لە ئێران و مەترسییەکانی ئەو وڵاتە کرد بۆ سەر جیهان” و هەوڵەکانی پاپا بەردەوام بۆ سەقامگیرکردن و بەرقەرارکردنی ئاشتەوایی بوون.
لە بارەی هێرشەکان بۆ سەر لوبنان، رۆبیۆ، حیزبوڵڵای لوبنان بە هۆکاری سەرەکی دادەنێت.
لە کۆتایدا رۆبیۆ ئاماژەی بەوە کرد، ترەمپ هەمیشە بە ئازادی بۆچوونەکانی دەخاتەروو، هەموو هەوڵێکی بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندی زیاترە بۆ ئەمریکا.