ترەمپ: هێرشەکانمان تەنیا زلـلەیەکی سووک بوون و ئاگربەست بەردەوامە

ئەمریکا هێرشی کردە سەر بنکە سەربازییەکانی ئێران لە ناوچەکە

ژێوار خدر

فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا زنجیرەیەک هێرشی پێچەوانەی بۆ سەر چەند ئامانجێکی سەربازیی ئێران ئەنجامدا، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ هێرشکردنە سەر سێ کەشتی جەنگی وڵاتەکە لە گەرووی هورمز، دۆناڵد ترەمپیش دەڵێت ئەو لێدانانە تەنیا “زلـلەیەکی سووک” بوون.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان رایگەیاند، سێ کەشتی تێکشکێنەری وڵاتەکەی بە سەرکەوتوویی لە گەرووی هورمز تێپەڕیون، سەرەڕای ئەوەی لەلایەن ئێرانەوە بۆردومان کراون، ئاماژەی بەوەش کردووە، کە هیچ زیانێک بەر کەشتییەکان نەکەوتووە، بەڵام زیانی گەورە لە هێرشبەرە ئێرانییەکان دراوە و جەختیشی کردەوە کە هێشتا رێککەوتنی ئاگربەست لەگەڵ تاران بەردەوامە.

سوپای ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا روونی کردەوە، ئەو بنکە سەربازییانەیان کردووەتە ئامانج کە بەرپرس بوون لە هێرشکردنە سەر هێزەکانیان، لەوانەش ناوەندەکانی هەواڵگری، شوێنی هەڵدانی مووشەک و ناوەندەکانی کۆنترۆڵکردنی درۆنەکان. جەختیشی لەوە کردووەتەوە، کە نایانەوێت گرژییەکان زیاد بکەن، بەڵام هێزەکانیان بۆ پاراستنی سەربازەکانیان لە ئامادەباشی تەواودا دەمێننەوە.