ئەو پیاوەی رووخساری میدیای جیهانی گۆڕی

“تێد تۆرنەر” دامەزرێنەری کەناڵی (سی ئێن ئێن) لەتەمەنی 87 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد

فەرهاد حەسەن

کەناڵی (سی ئێن ئێن)ی ئەمریکی هەواڵی کۆچی دوایی دامەزرێنەرەکەی “تێد تۆرنەر”ی بڵاوکردەوە کە لە تەمەنی 87 ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کردووە.

“تۆرنەر” یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی میدیای مۆدێرن بوو، یاساکانی پەخشی تەقلیدی شکاند و یەکەم کەناڵی هەواڵی 24 کاتژمێری دەستپێکرد، لە پڕۆژەیەکی بچووکەوە گەیشتە ئیمپراتۆریەتێکی میدیایی لە جیهاندا.

بەپێی بەیاننامەیەکی کۆمپانیای تۆرنەر ئینتەرپڕایزز، تێد تۆرنەر تەنیا خاوەنکارێکی میدیا نەبوو، بەڵکو کەسایەتییەکی ناوازە بوو کە پێش کۆچی دوایی ئەمڕۆی بە بوێری و تەماحەوە رێگای خۆی دروستکرد و میراتێکی نەسڕاوەی لە پیشەسازی هەواڵ و تەلەفزیۆنی بەجێهێشت.

لە 19.11.1938 لەدایکبووە، دوای خۆکوشتنی باوکی لە ساڵی 1963، لە تەمەنی 24 ساڵیدا دەستی بەبەڕێوەبردنی کاروباری ریکلامی خێزانەکەیدا کرد، سەرەتا لە فرۆشتنی شوێنی تابلۆی بانگەشە دەستی پێکرد، تاوەکو گەیشتە شاشەکانی تەلەفزیۆن.

لە ساڵی 1970 تەلەفزیۆنێکی بچووکی کڕی، دەستی بە گەشتەکەی کرد بۆ دروستکردنی یەکێک لە بەهێزترین ئیمپراتۆریەتەکانی میدیا لە جیهاندا، لە ساڵی 1980 بەناوبانگترین کەناڵی خۆی بەناوی سی ئێن ئێن دەستپێکرد و چەمکی هەواڵەکانی پێچەوانە کردەوە، وایکرد ئەو کەناڵە بە خێرایی ببێتە پەنجەرەی جیهان بۆ رووداوە گەورەکان.

تۆرنەر بە متمانەوە وتبووی “ئەگەر هیچ کێشەیەک لە مانگە دەستکردەکاندا روونەدات، ئێمە تاوەکو کۆتایی جیهان لە پەخشکردندا ناوەستین”. ئەمە تەنیا لێدوانێک نەبوو، فەلسەفەیەکی کارکردن بوو کە چەمکی رووماڵکردنی هەواڵی بەردەوام، کە بوو بە ستانداردێکی جیهانی.