وا ئاگربەست لە مانگێک نزیک دەبێتەوە هێشتا درۆن بەرۆکی کوردستانی بەرنەداوە؛ رووداوەکانی 24 کاتژمێری رابردوو
دوێنێ شەو لە کوردستان و ناوچەکە چی روویدا؟
وا ئاگربەست لە مانگێک نزیک دەبێتەوە هێشتا درۆن بەرۆکی کوردستانی بەرنەداوە
شۆڕش قادری
وا ئاگربەست لە مانگێک نزیک دەبێتەوە هێشتا درۆن بەرۆکی کوردستانی بەرنەداوە، نێوەندگیری پاکستانیش هیچی لێ سەوز نەبووە کەچی سەرۆک وەزیرانە تازەكەی عێراق دەڵێ من دەیکەم.
درەنگای شەوی رابردوو جارێکی دیکە بەدرۆن هێرش کرایەوە سەر کەمپی پەنابەرانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سورداشی سلێمانی، دواتر دەزگای ئاسایشی هەرێم رایگەیاند، بە دوو درۆن لێیان دراوە و هێرشەکە زیانی گیانی نەبووە.
عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عێراق و مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران بەتەلەفۆن قسەیان کرد و زەیدی بە پزیشکیانی وت، وڵاتەکەی ئامادەیە رۆڵی ناوبژیوانی لە نێوان تاران و واشنتن دا بگێڕێت.
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا راگرتنی پڕۆژەی “ئازادی هاتوچۆی دەریایی” لە گەرووی هورمزی راگەیاند و دەڵێت، “لەسەر داوای پاکستان و چەند وڵاتێکی دیکەیە و بۆ ماوەیەکی کورتە”.
مارکۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، “بەردەوام دەبین لە گرتنەبەری رێگەی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران، بەڵام پێویستە ئەوانیش پێش ئەوەی بە تەواوەتی وڵاتەکەیان دابڕمێت، بژاردەی دانوستان قبوڵ بکەن.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم لەبارەی سەردانەکەی بۆ بەغدا رایگەیاند، “لەگەڵ سەرجەم هاوپەیمانی و کەسایەتییە سیاسییەکانی عێراق کۆبوومەوە، جەختمان لە هاوکاریی هاوبەش کردەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەکان، هەموومان کۆک بووین لەسەر ئەوەی کە هێشتنەوەی چەک تەنها بەدەست دەوڵەتەوە بێت و وڵات لە ململانێی ناوچەیی دووربخەینەوە”.
هاتوچۆى هەولێر دیسانەوە شۆفێرانى بارهەڵگر و ماتۆڕسکیلەکان ئاگادار دەکاتەوە لەوەی کە نەکەن رۆژانی پێنجشەممە و هەینی بچنەسەر رێگای سەیرانگاکان، گوێڕایەڵ نەبن، خۆیان زەرەر دەکەن و سزا دەدرێن.
هاوژین عوسمان سەرۆکی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی سلێمانی گلەیی دەکات و دەڵێت، بارودۆخی کارمەندانی تەندروستی زۆر خراپە و بەشێکیان حەوت ساڵە خۆبەخشن کە تا ئێستا نەک دانەمەزراون، ناشکرێن بە گرێبەست.
ئێوارەی دوێنێ تەرمی یەکێک لەو منداڵانە دۆزرایەوە کە رۆژی هەینی لەکاتی گەڕانەوە لە سەیران لەسەر رێگای کانی ماران لەگەڵ خێزانێک بە ئۆتۆمبێلەکەیانەوە کەوتنەناو ئاوی گەلی عەلی بەگ، هێشتا دوو منداڵی دیکەیان بێسەروشوێنن و گەڕان بەدوایاندا بەردەوامە.