"ژینگەی سزادراوان دەگۆڕین بۆ ناوەندێکی فێربوون"

بەشێک لە سزادراوانی ناو چاکسازی گەورانی هەولێر فێری سەرتاشین و موسیقا دەکرێن

فەرهاد حەسەن

بەڕێوەبەرایەتی چاکسازی گەورانی هەولێر بەردەوامە لە چالاکییە جۆراوجۆرەکانی بۆ فێرکردنی سزادراوان لەسەر پیشە جیاوازەکان بۆ ئەم مەبەستەش لە رێگەی چەند خولێکەوە بەشێک لە سزادراوان فێری پیشەکانی سەرتاشی و موسیقا دەکات.

چاکسازی دەڵێت، لەپێناو بەدیهێنانی ئامانجە باڵاکانی پرۆسەی چاکسازی و گۆڕینی ژینگەی سزادراوان بۆ ناوەندێکی فێربوون و بونیادنانەوە، بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بەردەوامە لە ئەنجامدانی چالاکییە هەمەجۆرەکانی و لە نوێترین هەنگاویشیدا لەژێر سەرپەرشتی هۆبەی مەشق و راهێنانی پیشەیی دەستی بەم چەند خولە کردووە، کە خودی راهێنەرەکانیش لەو سزادراوانەن کە خاوەن پیشە و ئەزموونن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ژمارەیەک لە سزادراوانی ناو چاکسازییەکەیان داخڵی ئەم دوو خولە کردووە بۆ فێربوونی مۆسیقا و سەرتاشین.

دەشلێت “​ئامانجی سەرەکیی ئێمە لە رێگەی ئەم جۆرە خولانەوە ئەوەیە کە دوای تەواوکردنی ماوەی سزاکانیان و بەدەستهێنانی بڕوانامەی باوەڕپێکراو، ئەم کەسانە نەبنەوە بە بارگرانی بەسەر کۆمەڵگەوە، بەڵکو وەک پیشەوەرێکی کارامە و مرۆڤێکی گۆڕاو بگەڕێنەوە ناو کایەکانی ژیان و بتوانن بژێوی خۆیان و خێزانەکانیان بە شێوەیەکی شەرعی و شکۆمەندانە دابین بکەن”.