زیاتر له‌ هه‌شت ملیار و 500 ملیۆنى بۆ ته‌رخانكراوه‌

ئاكرێ پڕۆژه‌ باران ده‌كرێت

964+

هێژین فه‌تاح – دهۆك

لە سەنتەری قەزای ئاکرێ و دەوروبەری بەردی بناغە بۆ چەندین پڕۆژە بە گوژمه‌ی جیا جیا دادەنرێت، به‌شێكی پڕۆژه‌كانیش ده‌كه‌ونه‌ وارى جێبه‌جێكردن.

به‌پێی ئه‌و زانیاری و داتایانه‌ى 964 له‌ به‌شی راگه‌یاندنى پارێزگاى دهۆك وه‌ریگرتووه‌، ئاڕاسته‌ى جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌كانى پارێزگاى دهۆك، به‌ره‌و قه‌زاى ئاكرێ یه‌ و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش زیاتر له‌ هه‌شت ملیار و 500 ملیۆنى بۆ ته‌رخانكراوه‌.

به‌پێی ئه‌و داتاو زانیاریانه‌، ئەمڕۆ لە رێکەوتی 15.3.2023 پڕۆژەی چاككردن و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى رێگای گوندی گوێسکێ و پردى ئەسنی دەکرێتەوە، کە تێچووی 336 ملیۆن و 434 هه‌زار دینار بوو، هاوكات لە ناحیەی گردەسین بەردی بناغە بۆ دوو پڕۆژەی تر دادەنرێت، كه‌ بریتیه‌ له‌ دروستكردنى دوو قوتابخانه‌، یەكه‌میان 18 پۆلی و دووه‌میشیان 12 پۆلی، گوژمه‌ی ته‌رخانكراویش بریتیه‌ له‌ دوو ملیار و 805 ملیۆن دیناره‌.

لە سەنتەری قەزای ئاکرێش دروستكردنى قوتابخانه‌یه‌كی 12 پۆلی راگه‌یه‌ندراوه‌ كه‌ گوژمه‌ى ته‌رخانكراو یه‌ك ملیار و 239 ملیۆن و 698 هه‌زارو 293 دیناره‌.

لە ناحیه‌ى بجیلیش پرۆژه‌یه‌كی خزمه‌تگوزاری و چاككردن و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى رێگای ناوخۆ بە گوژمی یه‌ك ملیار و 274 ملیۆن دینار جێبه‌جێ ده‌كرێت.

هاوكات له‌ ناحیه‌ى دینارته‌، دوو پڕۆژه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێن، دروستكردنى بنكه‌یه‌كی ته‌ندروستى و چاككردنى رێگایه‌كى ناوخۆ، به‌ گوژمه‌ى یه‌ك ملیار و 356 ملیۆن و دروستکردن و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى رێگاى گوندی گمێ ـ کشکاڤاش بە گوژمه‌ى دوو ملیار و 30 ملیون دینار، جێبه‌جێ ده‌كرێن.

سەرجەمی گشتی ئه‌و بودجه‌یه‌ى كه‌ له‌لایه‌ن پارێزگاى دهۆك تەرخانکراو بۆ ته‌واوى ئه‌و پڕۆژانه‌ى قه‌زاى ئاكرێ بریتیه‌ له‌ هه‌شت ملیار و 606 ملیۆن و 524 هه‌زار و 531 دیناره‌.

پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن