لەزاری وەزیری تەندروستییەوە

“گرژییە ناوچەییەکان دابینکردنی دەرمانیان خاو کردووەتەوە”

ئەحمەد مستەفا

ئەمڕۆ چوارشەممە 22.4.2026، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، گرژییە ناوچەییەکان دابینکردنی دەرمانیان خاو کردووەتەوە و کۆمپانیاکان دەستیان کردووە بە گەیاندنی دەرمانەکان.

ئەو گرژی و ئاڵۆزییە ناوچەییانەی روویان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە، کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر کەرتی تەندروسی هەرێمی کوردستان و پرۆسەی دابینکردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان هەبووە، ئەمە قسەی وەزیرە ئەمڕۆ بۆ ژمارەیەک لە نوێنەری میدیاکان.

سامان بەرزنجی دەشڵێ، داخستنی زۆربەی دەروازە سنوورییەکان و راگرتنی جموجۆڵی گواستنەوە لە ناوچەکەدا لە ماوەی رابردوودا، بووەتە هۆی خاوبوونەوەی رەوتی دابینکردن و دواکەوتنی گەیشتنی ئەو بارهەڵگرانەی دەرمان کە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیاکان گرێبەستی لەسەر کردوون.

وەزیر وتی، لە چەند رۆژی داهاتوودا چاوەڕوانی “ئاساییبوونەوەی تەواو” و چارەسەربوونی ئەم کێشەیە دەکرێت، چونکە کاروانەکانی دەرمان لە لایەن کۆمپانیا پزیشکییەکانەوە دەستیان بە گەیشتن کردووە.