گەشتوگوزار: پڕۆژەکە کرێیە
پرۆژەیەکی گەشتیاری لە هەورامان هەرای نایەوە و بە کاتی راگیرا
964+
ئەمەل ناجی – هەورامان
چەند رۆژێکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پرۆژەیەکی گەشتیاری کە وا بڵاوکراوەتەوە زەوی پرۆژەکە فرۆشراوە بە هاوڵاتییەکەی عەرەب، رای جیاوازی درووستکردووە و بەشێک لە چالاکوانان پێیان وایە کە ئەمە مەترسیە بۆ سەر ناوچەکە.
بیانووەکەیان ئەوەیە؛ ناوچەکە تەعریب بکرێ، کەتائێستا ئەوناوچەیە تا ئێستا سیما جوان و کوردەوارییەکی خۆی پاراستووە.
پرۆژەکە لە چەند خێمەیەک پێکدێت کە بە تەواوی پێداویستیەکانەوە ئامادەکراوە بۆ شەو مانەوەی گەشتیاران، و ریکلام و تابلۆی پرۆژەکە بە زمانی عەرەبی نووسراون و زمانی کوردی لە هیچ شتێکدا بەکارنەهاتووە، ئەمەش کاردانەوەی توندی لە سۆشیاڵ میدیا لێکەوتەوە و کاردانەوەکە گەشتە ئەوەی کە پەیجی فەرمی پرۆژەکە لەلایەن بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانەوە ریپۆرت بکرێت و دابخرێت.
بەڵام گەشتوگوزاری هەڵەبجە قسەیەکی جیاوازی هەیە و دەڵێت، زەوی پرۆژەکە نەفرۆشراوە بەڵکو بە کرێ بۆ ماوەی چوار مانگ دراوە بە هاوڵاتیەکی عەرەب و زەویەکە موڵکی هاوڵاتیەکی خەڵکی ناوچەکەیە، و وەک هەر پرۆژەیەکی ناوچەکە بۆ ماوەیەک بە کرێ دراوە، و ئەوانەی دەڵێن فرۆشراوە هیچ زانیاریەکیان لەسەر بابەتەکە نەبووە.
بەپێی زانیارییەکانی 964، ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەکان رێگەیان نەداوە گەشتیار سەردانی ئەو پرۆژەیە بکەن و ئەوانەشی کە لە رۆژانی پێشترەوە لەوێ مابوونەوە ئیزن درابوون کە شوێنەکە چۆڵ بکەن و بەکاتی پڕۆژەکە راگیراوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا