باران و تەرزە لە رێیە
ئەمڕۆ کەیفی خۆتان بکەن و بەیانی زوو بگەڕێنەوە
964+
ژێوار خدر
هەینیتان باش و پڕ لە گەشت و سەیران، ئەگەر بەتەمان کەباب و چای سەرخەڵوز ئامادە بکەن و روو لە سروشت بکەن، ئەمڕۆ رۆژی سەفرە و خۆشییە و کەشوهەوا تەواو لەگەڵتانە، بەڵام پلانی گەشتی دوو رۆژە و کامپینگ مەکەن، چونکە هەر ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵە و بەیانی هەور و باران و هەورەتریشقە لە رێیە، تکایە لە کاتی گەڕانەوەشدا ئارامبگرن و ئاگاداری قەرەباڵخیی رێگاکان بن بۆ ئەوەی بە سەلامەتی بگەەنەوە ماڵێ.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، ئەمڕۆ هەینی ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت و پلەکانی گەرما بەراورد بە دوێنێ 1 بۆ 3 پلە بەرزتر دەبنەوە، ئەمەش واتە کەشێکی گەرموگوڕ و گونجاو بۆ سەیران و چوونە دەرەوە، دەتوانن بەبێ ترس لە باران تا درەنگانی ئێوارە لە دەرەوە بمێننەوە، بەڵام لە پاشنیوەڕۆوە وردە وردە هەورەکان لە ئاسماندا دەردەکەون و ئاسمان دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور.
بۆ بەیانی شەممە دۆخەکە پێچەوانە دەبێتەوە؛ ئاسمان بەتەواوی دەبێتە هەور و لە بەیانییەوە بارانبارین لە ناوچەکانی رۆژئاوای هەرێم دەستپێدەکات، دوای نیوەڕۆ و ئێوارەی شەممە، شەپۆلەکە هەموو شوێنێک دەگرێتەوە و بارانی مامناوەند و لێزمەباران دەبارێ، کەشناسی هۆشداری دەدات ئەگەری هەورەتریشقە و تەرزەبارانی بەهاری لە زۆرینەی ناوچەکان هەیە و پلەکانی گەرماش 2 بۆ 4 پلە نزم دەبنەوە، بۆیە باشترە شەممە بۆ پشووی ناو ماڵ تەرخان بکەن.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمرۆ:
هەولێر: 24 پلەی سیلیزیسلێمانی: 24 پلەی سیلیزی
دهۆک: 24 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 25 پلەی سیلیزی
گەرمیان : 27 پلەی سیلیزی
سۆران: 23 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 25 پلەی سیلیزی
چەمچەماڵ: 25 پلەی سیلیزی
پیرمام: 22 پلەی سیلیزیحاجی ئۆمەران: 16 پلەی سیلیزی