دووەم هێرشی چەکداری بۆ سەر قوتابخانەکان لە کەمتر لە 24 کاتژمێر
باکووری کوردستان: چوار کەس کوژراون و 20یش بریندارن
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێر دووەم هێرشی چەکداری لە شارەکانی باکووری کوردستان و لە قوتابخانە روویدا و ئەمجارە کارەکە قورسترە و چوار کەس کوژراون و 20ی دیکەش بریندارن.
ئاژانسی ئانادۆلی تورکیا ئەمڕۆ چوارشەممە 15.4.2026 بڵاویکردەوە، لە پارێزگای مەڕەش لە باکووری کوردستان، هێرشی چەکداری کراوەتەسەر قوتابخانەیی ئامادەیی ئیسەر چالیک و لە ئەنجامدا تا ئێستا وەک زانیاری سەرەتایی چوار کەس کوژراون و 20 کەسی دیکەش بریندارن.
پارێزگاری مەڕەش موکەڕەم ئونلوئەر هەواڵەکەی بۆ ئاژانسەکە پشتڕاستکردووەتەوە.
هەروەها وەزیری دادی تورکیا رایگەیاندووە، لێکۆڵینەوە لە هێرشەکە دەستیپێکردووە و سێ ئەندام پەرلەمان و سەرۆک و چوار داواکاری گشتی راسپێردراون لێکۆڵینەوە بکەن.
بەپێی ئەو ڤیدیۆیەی لە تۆڕی ئێکس دەست 964 کەوتووە، قوتابیانی قوتابخانەکە رادەکەنە دەرەوە و دەنگی تەقە دێت، کە دیارە کاتی هێرشەکە تۆمار کراوە.
ئەمە رووداوە لە کاتێکدا هەر دوێنێ ئێوارە گەنجێک لە پارێزگای رووهای باکووری کوردستان بە چەک هێرشی کردە سەر قوتابخانەیەکی ئامادەیی و 16 مامۆستا و قوتابی بریندار کرد.