داواکاری سەنتەری میترۆیە

“با پڕۆسەی دادگاییكردنی هێرشبەرانی سەر ئێن ئاڕ تی كراوە بێت”

شۆڕش قادری

سەنتەری میترۆ سەركۆنەی هێرشكردنە سەر  کەناڵی ئێن ئاڕ تی دەكات و داوا دەکات، پرۆسەی دادگایكردنی هێرشبەران كراوە بێت.

درەنگانی شەوی رابردوو لە نزیک بینای کەناڵی ئێن ئاڕ تی لە گوندی ئەڵمانی سلێمانی تەقە کرا و چیا حسێن بەڕێوەبەری کەناڵەکە بە 964ـی وت، “ئۆتۆمبێلێکی جۆری تاکسی لەبەردەم بیناکەمان دەستی کردووە بە تەقە کردن و هەڵاتووە”.

دواتر ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، ئەو چەكدارانەی دەستگیر كردووە كە تەقەکەیان کردووە و لەئێستادا لە ژێر لێكۆڵینەوەدان.

سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی رۆژنامەنووسان لە راگەیەنراوێکدا ئیدانەی ئەو رووداوە دەکات و داوا لە دادگای سلێمانیش دەكات، پرۆسەی دادگایكردنی هێرشبەران كراوە بێت.

دەقی راگەیەنراوەکەی سەنتەری میترۆ لە خوارەوە؛

سەركۆنەی هێرشكردنە سەر ئێن ئارتی دەكەین

سلێمانی، 14ی نیسانی 2026: سەنتەری میترۆ ئیدانەی ئەو هێرشە چەكدارییەی شەوی رابڕدوو بۆ سەر كەناڵ ئێن ئارتی دەكات و داوا لە داگای سلێمانیش دەكات، پرۆسەی دادگایكردنی هێرشبەران كراوە بێت.

شەوی رابردوو، كەناڵی ئێن ئارتی رایگەیاند: چەند چەكدارێك تەقەیان لە نووسینگەی سەرەكیی دامەزراوەی میدیایی ئێن ئاڕ تی لە شاری سلێمانی كرد و تا ئێستاش هۆكارەكەی نازانرێت.

پاش رووداوەکە، ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، كە ئەو چەكدارانەی دەستگیر كردووە كە شەوی رابردوو تەقەیان لە نووسینگەی سەرەكی ئێن ئاڕ تی لە سلێمانی كردبوو، و ئێستا لە ژێر لێكۆڵینەوەدان.

سەنتەری میترۆ ئیدانەی ئەو هێرشە چەكدارییەی شەوی رابڕدوو بۆ سەر كەناڵ ئێن ئارتی دەكات، و داوا لە دادگای سلێمانیش دەكات، پرۆسەی دادگایكردنی هێرشبەران كراوە بێت.

لە 4ی نیساندا، دوو مانگ تێپەڕ بوو بەسەر بڕیاری داخستنی نوسینگەكانی ئێن ئاڕ تی لە هەولێر و دهۆك.

سەنتەری میترۆ لە بەیاننامەیەكیدا رایگەیاند، کە بڕیاری داخستنی نوسینگەكانی ئێن ئاڕ تی پێچەوانەی یاسای رۆژنامەگەرییە، داوای لە حكومەتی هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتی دادوەری كرد، بە بڕیاری داخستنی نوسینگەكانی كەناڵەكەدا بچنەوە و رێگە بدرێت كەناڵەكە كاری میدیایی خۆی بكات و نوسینگەكانی بەكاربهێنێت.

ساڵانی رابردوو، كەناڵی ئێن ئاڕتی لە هەولێر و سلێمانی داخرا، سوتێنرا، میدیاكارانی دەستگیر دەكرێن، كەلوپەلی رۆژنامەوانیان زەوتدەكران، فشاری یاسایی و دەروونی، گواستنەوەی میدیاكارانی بۆ كەناڵەكانی تر، هێرشی ئەلیكترۆنی بۆ سەر پلاتفۆرمەكانی لە سۆشیال میدیا، كەناڵەكە بەردەوام میدیاكاری نوێ دێنێتە ناو دیمەنی میدیای بینراوی كوردستانی.