دوو مانگ بوو وەستا بوو
گەشتەکان لە فڕۆکەخانەی کەرکوک دەستیانپێکردەوە
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
دوای دوو مانگ لە راوەستانی گەشتەکان، ئەمڕۆ هەینی 1.5.2026 یەکەم فڕۆکە لە بەغدا بەڕێکەوت و لە فڕۆکەخانەی کەرکوک نیشتەوە.
بەرپرسی راگەیاندنی فڕۆکەخانەی کەرکوک هەردی سەمەد بۆ 964 وتی، دوای دوو مانگ لە وەستانی گەشتە ئاسمانییەکان، ئەمڕۆ یەکەم فڕۆکە لە فڕۆکەخانەی کەرکوک نیشتەوە و یەکەم گەشتی بۆ ئەنجامدرا.
وتیشی، “وەک ئیدارەی فڕۆکەخانەکە دووپاتی دەکەینەوە، دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان دەستپێکی قۆناغێکی نوێیە کە ئامانج لێی بەرزکردنەوەی هاتوچۆی ئاسمانییە، لەگەڵ پلانی فراوانکردنی تۆڕی گەشتەکان و گەڕاندنەوەی خشتەی کارکردن بۆ ئاستی ئاسایی خۆی لە ماوەی داهاتوودا”.
دوای داخستنی ئاسمانی عێراق بەهۆی شەڕی ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28.2.2026 و دواتر کرانەوەی، ئەمە یەکەم گەشتی فڕۆکەیە بۆ کەرکوک ئەنجام بدرێت و گەشتێکی ناوخۆیی بوو، بڕیاریشە گەشتەکانی کەرکوک بۆ تورکیاش و بە تایبەتی بۆ ئەنقەرە هەر ئەمڕۆ دەستپێبکاتەوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا