"ناوچەکەمان لەلافاو پاراست"
کۆڕنیشەکەی رۆشنبیری تێکدرا و لە شوێنەکەی پردێکی تازە دروستکرا
964+
شۆڕش قادری
بەڕێوەبەرایەتی ئاودێری هەولێر کۆڕنیشەکەی گەڕەکی رۆشنبیری تێکدا و پردێکی لە شوێنی دروستکردووە و بەوەش ناوچەکەی لەلافاو پاراست.
ئاودێری هەولێر ڤیدیۆی کاتی تێکدانی کۆرنیشەکەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی، “پرۆژەی تێکدانی پردێکی کاتی نائەندازەیی بوو لەسەر رێڕەوی دەستکردی پاراستنی شاری هەولێر لە لافاو کە بەکۆڕنیش ناسرایە، بەرامبەر گەڕەکی رۆشنبیری، کاتێک پردەکەمان تێکدا نیگەرانی هاوڵاتیانی ناوچەکەی لێکەوتەوە، بەڵام بەڵێنمان پێدان کە لۆیان دروست دەکەینەوە و پردێک لە شوێنی ئەو پردە کاتییە دروستکرا، بەم پڕۆژەیە ئەو ناوچەیە لە لافاو پارێزرا”.
“چەندین پڕۆژەی ستراتیژی بۆ کەمکردنەوەی مەترسی لافاو لە هەولێری پایتەخت جێبەجێ کراون و چەند پڕۆژەیەکەیش لەژێر جێبەجێکردن دان، هەر بۆ ئەو مەبەستە پلان هەیە چەند پڕۆژەیەکی دیکە بخرێنەبواری جێبەجێ کردنەوە”، ئەمەش هەر قسەی بەڕێوەبەرایەتی ئاودێری هەولێرە.