بۆردومانکردنى باڵەخانەیەک لە بەیروت
حیزبوڵا
ئیسرائیل سکرتێری تایبەت و برازاکەی نەعیم قاسمی لە بەیروت کوشت
964+
وریا فەتاح
سوپای ئیسرائیل بە فەرمی کوژرانی “عەلی یوسف حەرشی”، سکرتێری تایبەتی نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنانی راگەیاند، کە لە هێرشێکی ئاسمانیی دوێنێدا لە بەیروت کرایە ئامانج.
بەپێی راگەیەندراوی سوپای ئیسرائیل، حەرشی کە برازای نەعیم قاسمە، وەک راوێژکاری کەسی و نزیکترین کەسایەتی لە ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا کاریکردووە و “رۆڵێکی ناوەندیی هەبووە لە بەڕێوەبردنی نووسینگەکەی و پاراستنی ئاسایشی نەعیم قاسم”.
هێرشەکە گەڕەکی “تەلەت خەیات”ـی لە بەیروت کردووەتە ئامانج، کە ناوچەیەکە لە دەرەوەی گەڕەکی “زاحیە” (پێگەی سەرەکیی حزبوڵڵا). بەپێی گرتە ڤیدیۆییەکان، هێرشەکە بووەتە هۆی رووخانی بەشێکی باڵەخانەیەکی چەند نهۆمی.
هاوکات سوپای ئیسرائیل ئاشکرای کرد، شەوی رابردوو دوو گوزەری سەرەکییان لەسەر رووباری لیتانی بۆردومان کردووە، کە حزبوڵڵا بۆ گواستنەوەی “هەزاران چەک و مووشەک و سەکۆی هاویشتن” بۆ باشووری لوبنان بەکاریهێناون.
هەر لەو هێرشانەدا، 10 کۆگای چەک و تەقەمەنی و چەندین بنکەی فەرماندەیی حزبوڵڵا لە باشووری لوبنان کراونەتە ئامانج.