بەڵێننامەی خوێن
نهێنی ئەو نامە کوردییەی لە گیرفانی فڕۆکەوانە ئەمریکییەکاندایە
ژوورى هەواڵ
لەگەڵ هەڵکشانی گرژییە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا، وردەکاریی سەرنجڕاکێش دەربارەی ئامادەکارییەکانی فڕۆکەوانە جەنگییەکانی ئەمریکا ئاشکرا دەبن. یەکێک لەو ئامرازە هەرە گرنگانەی کە هەموو فڕۆکەوانێکی ئەمریکی لە کاتی گەشتە ئاسمانییەکانی بەسەر ناوچە گەرمەکانی شەڕدا پێیەتی، پارچە قوماشێکی ئاوریشمییە کە بە “بەڵێننامەی خوێن” ناسراوە.
ئەم پارچە قوماشە کە لە شوێنێکی پارێزراوی جلی فڕۆکەوانەکەدا دەشاردرێتەوە، پەیامێکی مرۆیی و فریاگوزاری بە چەندین زمانی زیندووی ناوچەکە (کوردی، عەرەبی، فارسی، تورکی و ئینگلیزی) لەسەر نووسراوە. ئامانجی سەرەکی ئەم نامەیە ئەوەیە کە ئەگەر فڕۆکەوانەکە فڕۆکەکەی تێکشکا یان ناچار بوو بە بازدان لە ناوچەیەکی نائاشنا بنیشێتەوە، بتوانێت پەیوەندی لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە دروست بکات بۆ رزگارکردنی ژیانی.
دەقی نامە کوردییەکە چییە؟
لە بەشە کوردییەکەی ئەو بەڵێننامەیەدا هاتووە:
“من ئەمریکیم و زمانی ئێوە نازانم. من زیانتان پێ ناگەیەنم. تکایە خواردن و ئاو و پەناگە و چارەسەری پزیشکیم بۆ دابین بکەن. هەروەها ڕێگەیەکم نیشان بدەن بۆ گەیشتن بە هێزە دۆستەکانی ئەمریکا. کاتێک ئەم ناوە و ئەم ژمارەیە دەدەن بە بەرپرسە ئەمریکییەکان، لەبەر یارمەتیدانەکەتان خەڵات دەکرێن.”