لە گەرمەی شەڕدا
لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران خۆراک هەرزان و لایت شەحن گران بووە
شۆڕش قادری
شەڕی ئێران پێی ناوەتە ناو مانگی دووەمەوە و وەزعی ئابووری خەڵکی ئەو وڵاتەش باش نییە، بەڵام بەهۆی ئەوەی حکومەت هەر دوای دەستپێکردنی شەڕ، هەناردەی بۆ دەرەوە راگرت، پێداویستییە سەرەکییەکان نەک هەر گران نەبوون، بەڵکو هەندێکیان هەرزانیش بوون.
964 زانیویەتی، بۆ نموونە پێشتر کە نرخی تەبەقێک هێلکە لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ نزیکەی 600 هەزار تمەن بەرزبووەوە، واتە نزیکەی شەش هەزار دینار، ئێستا بە 350 هەزار تمەنە و کەمتریش، نان و بەنزین و گۆشتیش گران نەبوون.
هۆکارەکەیشی بۆ زیادبوونی بەرهەمی ناوخۆ دەگەرێتەوە، چونکە ئێران چەند رۆژێکی کەم دوای سەرهەڵدانی شەڕ بڕیاریدا هەناردەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بۆ دەرەوە رابگرێت.
هاوکات بەهای تمەنیش بەرزبووەتەوە، پێش جەنگ 100 دۆلار تا نزیکەی 18 ملیۆن تمەن رۆیشت، ئێستا بە 15 ملیۆن تمەنە.
لە بەرامبەردا لایت شەحن و ئامێرەکانی رووناکی گران بوون، هەڕەشەکانی ترەمپ بۆ لێدانی ژێرخانی وزە و کوژانەوە کارەبا، نیگەرانی لای دانیشتووانی ئەو وڵاتە دروست کردووە و وایکردووە لە ئێستاوە مشووری بێ کارەبایی بخۆن.